وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەمساڵیش دەتوانین زۆرترین رێژەی دەرچووانی 12ی ئامادەیی وەربگرین
وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زانکۆلاین بۆ قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی کارا کراوە و پرۆسهی وهرگرتن دەستیپێکردووە، رۆژی پێنجشەممە 30-09-2021 تاوەکو 09-10-2021 وێبسایتی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی بەردەست دەبێت.
دهرچووانی پۆلی 12ی ئامادهیی له زانكۆ و پەیمانگەكانی ههرێمی كوردستان دەستپێدەکات و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی تاوەکو 10 رۆژ کارا دەبێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە کە وێبسایتەکە بەهۆی ئەپدەیتەوە تاوەکو رۆژی شەممە لە کارکردن بوەستێت و دەڵێت، “لە ئەمڕۆوە قوتابیان دەتوانن داخڵی سیستەمەکە ببن بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتووەتهوه تاوەکو فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه”.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامۆژگاریی خوێندکاران دەکات، باشترین چانس ئەوەیە پشت بە توانا و حەز و خولیاکانیان ببەستن بۆ ئامانجی داهاتوویان، چونکە سیستەمەکە کە دەچێتە ناوی، هەموو ئاسانکارییەکی کردووە و پێویست ناکات سەردانی سەنتەرەکان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، لەبەرئەوەی زۆرجار قوتابی بێبەش دەبێت لەو بەشەی کە ئارەزوو دەکات لێی بخوێنێت، ئەوەش بەهۆی هەڵەیەک لە ریزبەندیی بەشەکانەوە کە ساڵانی رابردوو چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە روویانداوە.
ئەگەر بە هەر هۆکارێک خوێندکارێک نەتوانێت لە ماوەی دیاریکراودا فۆڕمەکەی پڕبکاتەوە، ئەوا مافی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگەکان نامێنێت، خوێندکار دەتوانێت بە هەر ئامێرێکی زیرەکی وەکو (مۆبایل و ئایپاد) داخڵی سیستەمەکە ببێت، بەڵام عەباس ئەکرەم دەڵێت، “وا باشترە بە کۆمپیوتەر پڕی بکاتەوە، چونکە ئاسانتر و رووکاری بەش و زانیارییەکان دەبینێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی خستەڕوو، “وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی 63325 قوتابیی وەکو دەرچووی ساڵی خوێندی 2020 – 2021 داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دهرچووان دەتوانن بە هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتووەتهوه فۆڕمی وهرگرتن پڕبكهنەوە، هەروەها پێویستە ئەو (یوزەرنەیم و پاسۆردە)ی کە پێیاندراوە بە باشی بیپارێزن، چونکە بەمە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن و ئەنجامەکەشی وەربگرنەوە”.
لەبارەی توانای وەرگرتنی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی، عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوە کرد، “ئێستا ناتوانین هیچ رێژەیەک دیاریبکەین بۆ وەرگرتنی قوتابیان، چونکە ئەمە دەگەڕێتەوە سەر پێشبڕکێی پێشکەشکاران، ساڵی رابردوو 59 بۆ 60 هەزار خوێندکاری دەرچوومان هەبوو کە 100%ی دەرچووان وەرگیران و بۆ ئەمساڵیش دەمانەوێت زۆرترین رێژەی خوێندکاران وەربگرین، بەڵام ناتوانین ئێستا رێژەکەی دیاریبکەین”.
س: رووداو