پارتی: كێ دەیەوێ ڕووبەڕوومان بێتەوە شوێنمان دیارە
كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە كەركووك شوێنمان دیارە و كێش دەیەوێ ڕووبەڕوومان بێتەوە، ئەوا شوێنمان دیارە و پێویست ناكات دوكان و كەلوپەلی لایەنگرانی پارتی بسووتێنن.
ئەمڕۆ شەممە، شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی یەكی پارێزگای كەركووك، بە میدیاكانی ڕاگەیاند، سووتانی دوكان و كەلوپەلی لایەنگرانی پارتی، كاریگەریی لەسەرمان نابێت و خاوەن دوكانەكەش دڵنیا دەكەینەوە كە بۆیان چاك دەكەینەوە.
زیاتر گوتی، ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن لە دەنگ و ڕەنگی پارتی دەترسن، ئەوەی دەیەوێ رووبەڕوومان ببێتەوە، شوێنمان لە كەركووك و شارەكەدا دیارە.
باسی لەوەش كرد، پێشتر لەو كەسانە خۆش بوونە كە پۆستەرەكانیان دڕاندووە و سووتاندووە، بەڵام سووتاندنی دوكانی ئەو كاسبكارە، جێی لێخۆشبوون نییە، بەهۆی ئەوەی پۆستەرەكانی ئەو ئاڵای كوردستانی لەسەرە، هەندێك لایەنی نیگەران كردووە و نەیاران دەبێت تێبگەن كە پارتی واتا ئاڵای كوردستان، دوای گەڕانەوەی پارتیش قۆناغێكی تر لە شارەكەدا دەست پێ دەكات.
شەوی ڕابردوو دوكانی هاووڵاتییەكی كەركووك لەلایەن چەند كەسێكەوە سووتێنرا، چونكە لافیتەی بانگەشەی كاندیدانی پارتی لە بەردەم دوكانەكەی هەڵواسیبوو.