پارتی: کار بۆ ئەوە دەکەین هەموو کورسییەکانی پارێزگای دهۆک ببەینەوە
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆک رایدەگەیێنێت، بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆک ئاساییە و ئەوان لەو پارێزگایە کار بۆ ئەوە دەکەن کە هەموو کورسییەکان بۆ ئەوان بن.
خالید ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆک رايگەیاند: “لەو باوەڕەداین کە خەڵکی ئێمە، بە تایبەتی گەنجان، بە رێژەیەکی زۆر لە دەنگداندا بەشدار دەبن. باوەڕمان هەیە کە پارتی بتوانێت ئەو کورسییەی دیکەی پارێزگای دهۆکش بباتەوە، هەرچەندە لایەنەکانی دیکەیش هەوڵی خۆیان دەدەن، بەڵام ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین هەموو کورسییەکانی پارێزگای دهۆک بۆ پارتی بن.”
لە پاریزگای دهۆک لایەنەکان ململانێ لەسەر 11 کورسی دەکەن کە سیانیان بۆ کۆتای ژنانن.
ئەو بەرپرسەی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆک ئاماژەی بەوە دا، پارتی لە پارێزگای دهۆک تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە؛ مەودا لەنێوان پارتی و هەر لایەنێکی دیکەدا پانتاییەکی فراوانە و لە 11 کورسیی ساڵی 2018دا 10 کورسیی بەدەست هێناوە. ئەم جارەیش پارتی لە دهۆکدا سەنگی راستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.
بە گوتەی خالید ئەحمەد، لەو پارێزگایە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئاسایی و برایانەدا دەکرێت و یاسای ئەم جارەی هەڵبژاردنیش وایکردووە کە وەک جارەکانی دیکە ململانێی هەڵبژاردن تووند و گەرم نەبێت.
پارێزگای دهۆک کراوەتە سێ بازنەی دەنگدانەوە و 822 هەزار و 703 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
خالید ئەحمەد كه بۆ رووداو قسهى كردووه گوتی: “لەم قۆناخەدا سیاسەتی پارتی بەرامبەر بەغدا زۆر سەرکەوتووانە بووە؛ واینەکردووە کە هەرێمی کوردستان بشکێت و ئاڵای سپی هەڵبکات. بۆیە لەو بڕوایەداین خەڵکەکەمان بە فراوانی پشتیوانی لە بەربژێرانی پارتی بکەن.”
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای دهۆک بە هەرسێ بازنەکەیەوە 11 بەربژێری هەیە.