نێچیرڤان بارزانی: نابێت خەڵکی شنگال تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێن

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2021 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد.

لە کەرنەڤاڵەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشكەش کرد و ڕایگەیاند، ئامادەبوون لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە سنووری شنگال و موسڵ زۆر تایبەت بوو بۆ من، لەبەر ئەوەی دەڤەرێکی ڕەنگینە و شوێنی پێکەوە ژیانی ئایینە جیاواز و نەتەوەکانە، کە ئەوەش تابلۆ جوان و ڕەنگینەکەی پێکەوە ژیانە.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی گوتی: شنگال جێگای ڕێزی ئێمە و هەموو جیهانیشە، ئاماژەی بەوە کرد بەردەوام لە هەوڵدا دەبین بۆ ڕزگارکردنی خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە دەست تیرۆرستانی داعش.

گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدا دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و ناساندنی کۆمەڵكوژی شنگال و ئێزدییەکان بە جیهان.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای کرد، لەکاتی داگیرکردنی شنگال سەرۆک بارزانی ناخۆشترین ڕۆژەکانی بەڕێدەکرد، دەشڵێت: لەو کاتەوەی شنگال  داگیرکرا سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی شەڕ مایەوە و نەگەڕایەوە ماڵەکەی و بارەگاکەی تاوەکوو شنگال ڕزگار کرا ، بە هەواڵی ڕزگاربوونی شنگالیش زۆر دڵخۆشبوو.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، ڕەوشێکی ئەمنی نایاسایی و نائاسایی هەیە و بووەتە ڕێگر لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال، نابێت خەڵکی شنگال تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت و شەڕی سیاسی پێ بکرێت.

گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە بکەینە ڕێگایەک بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەن لە نێوان هەموو هێزەکان بۆ ئەوەی هیچ چەکدارێکی سیاسی لەو سنوورەدا نەمێـنێ و ڕێگە بدرێت خەڵکی شنگال لەم هەڵبژاردنەدا خۆی هەڵیبژێرێ کە کێی دەوێ.

جێگری سەرۆکی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ پارتی، تەنانەت یەک دەنگیش بۆ ئێمە گرنگە، پارتی بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی سنوورەکەی هەیە و هەوڵی جددیش دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.

هەر لە گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە خەڵکی سنوورەکە کرد دەنگ بدەن پارتی و ڕاشیگەیاند، بەهێزبوونی پارتی بە مانای ئاوەدانی و پێشکەوتنی سنوورەکە دێت.

نوێ دەکرێتەوە

Back to top button