شارەوانیی هەولێر ڕاسپێدرا بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی كاركردن لە 8ی حەسارۆك

ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی خاوێنکردنەوەی هەولێر و دەوروبەری و سەوزکردنی چەند شوێنێکی سەوزایی و کارکردن لە ٨ی حەسارۆک و پڕۆژەیەکی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئۆکتۆبەری2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئیشوکارەکان، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی دەروازەکانی پایتەخت و کارەکانی 8ی حەسارۆک و پڕۆژەیەکی وەزارەتی لە شاری هەولێری کرد.
لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی شارەوانی و جێگرەکانی و سەرۆکی بەشی هونەری بە وردی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی پرۆسەی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان بە شێوەیەکی گشتی کرد و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێری ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی 8ی حەسارۆك لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پرۆسەی خاوێنكردنەوە و ناوچە سەوزاییەكانیش، سەردانی چەند شوێنێكی شاری هەولێر و دەوروبەری كرد بۆ ئەوەی پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە باشتر بەڕێوە بچن و ناوچە سەوزاییەكانیش بایەخی زیاتریان پێ بدرێت بە تایبەتی دەروازەكانی شاری هەولێر، جەختی كردەوە كە پێویستە لە ڕووی سەوزایی و ڕێكخستنەوەوە، بایەخێكی زیاتریان پێ بدرێت.
Back to top button