فەرمانگەیەكی تایبەت بە تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان دروست کرا

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: سەرجەم زەوییە كارتەكانی شاری هەولێر تاپۆ دەكرێن

پێشتر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆسەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانی شاری هەولێر دەستیپێكرد و چەندین هەزار كارتیش كران بە سەنەد، بە مەبەستی خێراتركردنی پرۆسەكەش لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەیەكی تایبەت بە گۆڕینی كارت بۆ سەنەد دامەزرا و شوێنی تایبەت بۆ فەرمانگەكە و هەموو پێداویستییەكیش بۆ فەرمانبەرانی یەكەكە دابین دەكرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئامانجی دامەزراندنی فەرمانگەکە دەڵێت: دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، هەستیان كرد کە پرۆسەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد دوادەكەوێت، هەرچەندە كارێكی زۆر باش كراوە و چەندین هەزار كارتیش كراونەتە سەنەد، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو چەند هەزار كارتەی تا ئێستا ماون بكرێنە سەنەد، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دامەزراندنی یەكەیەكی كارگێڕی سەر بە وەزارەتی شارەوانی درا و ئێستاش فەرمانگەکە دامەزراوە. گوتیشی: فەرمانگەکە نوێنەری وەزارەتی داد، وەزارەتی كشتوكاڵ و فەرمانبەرانی شارەوانی تێدایە و تەنیا ئیش لەسەر گۆڕینی زەویی كارت بۆ تاپۆ دەكات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەم و دیاریکراودا سەرجەم کارتەکان بکرێن بە سەنەد و لەپێناو بە باشی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش جێگەی تایبەت بۆ فەرمانگەكە و هەموو پێداویستییەكیش بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەو یەكەیەدا کار دەکەن، دابین دەكرێت و لە ماوەیەکی دیاریکراویشدا سەرجەم زەوییە کارتەکان تاپۆ دەکرێن.
پێشتر نزیكەی 128 هەزار زەویی كارت لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابەشكرابوون و لە كابینەی نۆیەمدا پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو كارتانە دەستیپێكرد و تا ئێستا چەندین هەزار كارت كراون بە سەنەد، ئێستاش لە ڕێگەی دروستكردنی ئەو فەرمانگە تایبەتەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرجەم كارتەكان دەكاتە سەنەد.
Back to top button