كارمەندێكی پۆلیسی لقی هەڵەبجەی پارتی كوژرا
پۆلیسێكی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكوژرێت و پۆلیس دەڵێت، لە نزیك باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕاگەیەنراوێكی بەرزان عوسمان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەدا هاتووە، تاوانلێكراوێك بە ناوی “ف. ا. ح” /47 ساڵ/ پۆلیسە لە لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە شارەدێی سیروان و لە نزیك باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزراوەتەوە.
باس لەوەش كراوە، دوای دۆزینەوەی تەرمەكەی، بۆ پزیشكی دادی هەڵەبجە گواستراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.
لەبارەی هۆكاری كوشتنی ئەو پۆلیسەی لقی 12ـی پارتی، تا ئێستە پۆلیس هیچ زانیارییەكی بڵاو نەكردووەتەوە و بكوژیش نادیارە.
كوشتنی ئەو كارمەندەی لقی 12ـی پارتی لە كاتێكدایە، لە ماوەی پێشتردا چەندان جار تەقە لە بارەگاكانی پارتی لەو سنوورە كراوە و چەندان جاریش هەڕەشەیان لێ كراوە.