عەبدوڵای کوێخا موبارەک: پارتی دایکی حزبەکانی کوردستانە، ڕۆژانە خەڵک بەلێشاو پەیوەندی بە ڕیزەکانيه‌وه‌ دەکەن

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، كەسایەتیی دیاری سنووری چەمچەماڵ و كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە پارتی و هەڵوێستەکانی، ڕايگەیاند: ”پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبێکی شۆڕشگێڕی دێرینە و دایکی حزبەکانی کوردستانە و خەباتی بۆ گەلەکەی کردووە، ئێستاش دەبینین بە شێوەیەکی کرداری دەستی بە چاکسازی کردووە و بە مانای وشە دەوڵەتداریی کردووە”.

گوتیشی: ”پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لەگەڵ عێراقدا، بەتایبەتی لەسەر پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان و پرسی کەرکووک ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە، بێگومان ئەو ھەڵوێستانە وایان کردووە کە پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بە حزبی یەکەم بمێنێتەوە”.

ئەو کەسایەتی و کادیرەی پارتی سەبارەت بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە سنووری چەمچەماڵ ڕاشیگەیاند: ”لە سنووری شارۆچکەی چەمحەماڵ بانگەشەیەکی چڕوپڕمان بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست پێ کردووە و دڵنیام لەوەی کە پارتی ئەم جارەش دەبێتەوە بە حزبی یەکەمی ھەرێمی کوردستان، چونکە پارتی حزبێکی ڕاستگۆیە و شانی داوەتە بەر دەوڵەتداری و لە کاتی قەیرانی دارایی و تەنگەژە جیاوازەکاندا بەئاشکرا بەرپرسیارێتیی بارودۆخە دژوارەکانی ھەڵگرتووە، بەڵام حزبەکانی دیکە بە شەو ئۆپۆزسیۆن بوون و بە ڕۆژیش لەناو حکوومەدا بوون، بێگومان ئەوە جۆرێکە لە فرتوفێڵ، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی گەورەی سیاسی، تاكە ئومێدە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك لە كەركووك و سلێمانی باش بکات”.

ئاماژەی بەوەش کرد: ”پارتی ھەمیشە کاری کردووە بۆ ئەوەی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، بێگومان بوونی پارتی لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر گرنگە، چونکە لەناو حزبە کوردییەکاندا ئینشیقاق و دابڕان ڕووی داوە، تاکە حزبێکی سیاسی کە بە کاریگەری و بەھێزی و یەکگرتوویی و خاوەن مەرجەعی مابێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە بەڕاستی کار بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەمان دەکات”.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ باسی لەوەش کردووه‌: ”خەڵکی کوردستان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە دێنە ناو پارتی و پاڵپشتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، لە سنووری چەمچەماڵ ڕۆژانە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و گەنجان و ڕێکخراوەکان بەلێشاو پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکەن، بێگومان ئەوە مانای ئەوەیە، خەڵکی کوردستان تێ گەشتووە لەوەی کە پارتی تاکە حزبێکە دەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات”.

Back to top button