نێچیرڤان بارزانی: پارتی سلێمانی لەبیر نەکردووە و ئەو دووانە پێکەوە سەردەکەون

جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان لە کاتی بانگەشەکردن بۆ بەربژێرانی پارتی لە سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ گوتى، “مێژوو شاهێدە پارتی بە هیچ شێوەیەک غەدر و سەپاندن قبووڵ ناکات، بەڵام بە نەرمی و لە پێناو کوردستاندا پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەکانی” ده‌شلێت :” ئێمە وەک پارتی قەرزداری سلێمانی و دەڤەرەکەین.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە شارى سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی له‌ سنوورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ کرد و رایگەیاند، “کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت.”
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و گوتى، “بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا”.
نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتی، “پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون”.
نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها رایگەیاند: “کاتێک کەدێمە سلێمانی و سلێمانی دەبینم زۆر دڵخۆش دەبم، چونکە بەڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێ، سلێمانی شاری دایکمە، شاری باپیر و خزمەکانمانە، سلێمانیم خۆشدەوێت چونکە شاری ئەدەب و کوردایەتی و شاری هونەر و رۆشنبیرییە، شاری هەڵمەت و قوربانییە. بۆیە ئەو مافەم پێبدەم کە من نیوە سلێمانیم و نیوەی خەڵکی شارەکەتانم”.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، “پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ هەموومان ئەوەیە نەرم بین و ئارام بین، دەزانم و دەبیستم هەندێک کەس و لایەن هەموو توانا و تەکتیکێک بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر پارتی و هەموو پارتییەک، بەڵام دیسانەوە پێیان دەڵێین ئارام و لەسەرخۆبن و لە قسەی سەرۆک دەرنەچن”.
راشیگەیاند، “ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە.”
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پارزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانی کرد و گوتی: “پارتی بە ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی لەو ناوچەیە تەماشای ئێوە ناکات، پارتی بە چاوی وەفاداری، دڵسۆزی و خەبات تەماشای ئێوە دەکات”.
Back to top button