وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ مامۆستايان به‌بۆنه‌ى رۆژى مامۆستايانى كوردستان: سه‌رمان به‌ ئێوه‌ى ئازیز و ماندوونه‌ناس بڵنده‌

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 6-10-2021، په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی رۆژی مامۆستایانی کوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: به‌ بۆنه‌ى رۆژى مامۆستایانی کوردستان، كه‌ ساڵانه‌ له‌ ٦ی١٠ ئه‌م رۆژە بەرز ڕادەگیریت، بەم بۆنەیەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی خۆمانتان پێ ڕادەگەینین، رێز و سوپاس ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م مامۆستایان و تەواوی پەروەردەکاران ده‌كه‌ین.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌: له‌م ڕۆژە پیرۆز و پڕ شكۆیه‌دا وه‌كو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو خۆشه‌ویستى‌و شانازییه‌كه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێین سه‌رمان بڵنده‌ به‌ ئێوه‌ى ئازیزو ماندوونه‌ناس كه‌ هه‌میشه‌ نموونه‌ى دڵسۆزی‌و له‌ خۆبورده‌یی بوون‌ بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌ پیرۆزه‌كانتان له‌ ناو پۆل‌ و قوتابخانه‌كاندا له‌ پێناو دروست كردن‌و پێگه‌یاندنى‌و بونیادنانى نه‌وه‌یه‌كى كاراو زیندوو بۆ ئاینده‌و دواڕۆژى گه‌له‌كه‌مان، بەشداری و ڕۆڵی مامۆستایان لە شۆرشی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و قۆناغی ئازادی دا رۆڵێکی بەرچاو و لەبیرنەکراوە.

له‌ كۆتايى په‌یامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ڕایگه‌یاندووه‌: هه‌ر بۆیه‌ له‌م یاده‌وه‌ مامۆستایان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ نه‌گۆڕه‌ى له‌ سه‌رشانمانه‌ بۆ خزمه‌ت كردنى مامۆستایانى كوردستان.

 

Back to top button