گوتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی: سەرۆک بارزانی رەمز و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە
گوتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی رەتیدەکاتەوە هیچ داوایەکی سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێگەیشتبێت و رایدەگەیێنێت، بەهیچ جۆرێک سەرۆک مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە. سەرۆک بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە.
رۆژی سێشەممە 05-10-2021 شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-هەڵەبجە، سەردانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانییان کرد.
دوای ئەو سەردانە وا بڵاوکرایەوە کە شاندەکەی داوای سەرۆک بارزانییان گەیاندووەتە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی بۆ پشتیوانی لە لیستی پارتی.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 6-10-2021 بەناوی “قسەکەرێک بەناوی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی” بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: “جەنابی شێخ نەهرۆ، سەرۆکی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە لە هەندێ سایت و دەزگای راگەیاندنەوە بڵاوکابووەوە کە لە میانی سەردانەکەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای جەنابی گوایە بەڕێز مەسعود بارزانی لە رێگەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوای پشتگیریی کردبێت تاوەکو دەنگی لایەنگرانی بۆ پارتی کۆبکاتەوە”.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەو هەواڵانە رەتکراوەتەوە و هاتووە: “ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و تەنها لەگەڵ ئەو شاندە باسیان لە دۆستایەتیی کۆن لەگەل سەرۆک بارزانی و دۆستایەتیی یەکڕیزی و یەک ماڵیی کورد کراوە و بۆ راگرتنی هاوسەنگیی لە پەرلەمانی عێراق هانی هاووڵاتیان دەدەینکە بە پەرۆشەوە بڕۆن بۆ بنکەکانی دەنگدان و باشترین و شایستەترین کەس هەڵبژێرن بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە”.
جارێکی دیکە لە راگەیێندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی کە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و گوتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەڵێت: “بەهیچ جۆرێک رێزدار مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە لە رێگەی ئەو شاندەوە، ئەو هەواڵانە لە کەسانێکەوەن تەنها ئاژاوەگێڕ و یاریکەرن لە تەنگەبەر و ئاوی لێڵدا بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ماڵی کورد، سەرۆک بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە”.
رێکخەرى رۆژنامەڤانیی سەرۆکى تەریقەتى کەسنەزانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شاندەكەی پارتى بە شێخ نەهرۆیان گوتووە، “پەیوەندیی ئێمە و بنەماڵەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی مێژووییە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی هاتووین و داوای لێدەكەین دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی ئێمە و داوادەكەین ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە باشترینن و خزمەت بە میللەت دەكەن”.
پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری کوردستان و ئەندامی شاندەکەی پارتی بە رووداوی راگەیاند، ئەو شاندەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی، “نزیکەی 10 رۆژە، سەردانی دەیان کەسایەتی و پیاوماقووڵ و ریشسپی سنووری سلێمانی کردووە و شێخ نەهرۆ کەسنەزانیش یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی کە رێزمان لێیگرتووە و سەردانمان کردووە، بەڵام سەرۆک بارزانی ئێمەی بۆ ئەو سەردانانە رانەسپاردووە و پەیامی سەرۆکیشمان بە کەس نەگەیاندووە.”
پێشەوا هەورامانی گوتی، “لە سەردانەکەماندا بۆ لای شێخ نەهرۆ، بەشێوەیەکی گشتی باسی هەڵبژاردن و گرنگیی بەشداریکردنی هاونیشتمانیانمان لە پرۆسەکەدا کردووە و داوامان پشتگیریمان نەکردووە، بۆیە پێمانوایە ئەوە هەڵەیەکی بێمەبەست بووبێت و بەسەر رێکخەری رۆژنامەوانیی شێخ نەهرۆدا تێپەڕبووبێت”.
هەر لەگەڵ راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ئەنجوومەنی رۆشنبیریی رێبازی قادریی کەسنەزانیش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت: “پاش ئەوەی شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی تەکیەی کەسنەزانی و جەنابی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتیان کرد و پێشوازیی و بەخێرهاتنی گەرمیان لێکرا، بەڕێزیشیان سڵاوی هەردوو بەڕێزان جەنابی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان بارزانیان گەیاندە شێخ و لە بەرامبەردا جەنابی شێخ باسی پەیوەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و خێزانی نێوان جەنابی بارزانی و خێزانی کەسنەزانی کرد”.
لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە راگەیێندراوە: “سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنیش جەنابی شێخ و ئەنجوومەنی رۆشنبیریی کەسنەزانیش راستەوخۆ لێدوانیان داوە بۆ کەناڵەکان و بەهیچ شێوەیەک جەنابی کاک مەسعود هیچ داوایەکی ئاراستەی شێخ نەکردووە تاوەکو جەنابی شێخ قبووڵی بکات یان رەتیبکاتەوە”.
لە کۆتاییشدا باسی ئەوە کراوە کە ” ئەوەشی لە هەندێک پەیج و ئەکاونت بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شێخی تەریقەتی قادری کەسنەزانی قسەی سەرۆک مەسعود بارزانی رەتکردووەتەوە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە”.
س: رووداو