پارێزگارى دهۆك: سەرۆكی حكوومەت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە ھێندە جددییە بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە.

پارێزگاری دھۆك رایگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە ھێندە جددییە بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە. دەشڵێ، بەردەوام سەردانی قەزاكان دەكەین و پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدەین.

دكتۆر عەلی تەتەر، لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەك لە سێمێل گوتی: “لە زاخۆ دوو پڕۆژەمان ھەیە بە گوژمەی ٩ملیار دینار و بۆ قەزای سێمێل ھەندێك پڕۆژەی گەورە لە بەرنامەدان، كە زۆر گەورەن لەسەر ئاستی عێراقدا و بۆ قەزاكانی دیكەش رۆژ نییە كۆمەڵێك پڕۆژە رانەگەیەنین، ھەر دوێنێش بەردی بناغەمان بۆ ٢٢پڕۆژە دانا و دوو پڕۆژەشمان كردەوە، ئەمەش پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەوە نییە و بەدرەوام دەبین و دوای ھەڵبژاردنیش سەردانی ھەموو قەزاكان دەكەینەوە و پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدەین”.

تەتەر گوتیشی: “بۆ دروستكردنی پاركیش بۆ سێمێل زەوی تەرخان كراوە و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتیش باسمان كردووە و پاركێكی باشیان بۆ دروست دەكرێت و ٢٠٠ھەزار پەنجەماسیش دەخرێنە ناو سكری مووسڵ بۆ زیادكردنی سامانی ماسی”.

دكتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: “ئەمڕۆ لە قەزای سێمێل بەردی بناغەمان بۆ شەقامی دووسایدی مسێریكێ دانا و ھەندێك پڕۆژەی دیكە بەردی بنیاتیان بۆ دانرا  بە گوژمەی ٥٦١ملیار و٩٤١ملیۆن دینار”.

دەشڵێ: “ئەمە دوو ھەفتەیە، دوو رۆژ لە پارێزگا دەواممان كردووە و ئەوەی دیكە ھەمووی سەردان بووە بۆ كردنەوە و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكان، هەروەها رێگای قەرەناز بۆ كەورەسۆریشمان بەسەر كردووەتەوە، كە ئەورێگایەش كاری تێدا دەكرێت، چونكە پڕۆژە ھێندە زۆرن پێڕاناگەین بەردی بنیات بۆ ھەموویان دانێین و سەرۆكی حكوومەتیش ھێندە سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە، زۆر جار  تا درەنگی شەو لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین”.

ڕوونیشی كردەوە: “كاتێك لە ئیبراھیم خەلیلەوە دێیە ھەرێم، تا ھەولێر شەقامی دووسایدە و ٣كم مابوو سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی داوە و ١١ملیاری بۆ تەرخان كراوە، بۆ ئەوەی ئەویش بكرێتە دووساید و خەریكە ئەندەرپاسی سێمێل تەواو بێت و لە موقبلێش ئەندەرپاسێك و ئۆڤەرپاسێك دروست دەكرێن، هەروەها جووتسایدی بەدریك دروست دەكرێت كە كۆمەڵێك ئۆڤەرپاس وئەندەرپاسیش لەخۆی دەگرێت، بۆیە پڕۆژەی زۆر ھەن و بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانیان”.

س:KDP.INFO

Back to top button