گوته‌بێژی پۆلیس: بكوژی پاسه‌وانه‌كه‌ی لقی 12 ى هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی ده‌ستگیر كرا

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ى 10ى 2021 ،  بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا:  ئەو پۆلیسەی لە رۆژانی رابردوودا کوژرا، بە پلانی پێشوەختە بووە، تاوانبارەکە پێش تاوانەکە ئامادەکاری کردووە و دواتر جێبەجێیکردووە.

راشیگه‌یاند: تاوانبارەکە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری تەکسی بووە، کە پێش تاوانەکە بە لەزگە داپۆشیوە و ژمارەکەشی شاردووەتەوە و لۆگۆی تاکسییەکەشی لابردووە.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: دوای لێکۆڵینەوە، لە گوندی پاڵانیا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرت کە تا ئەو کاتەش شوێنەواری لەزگەکە بەسەر رووی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو.

بەرزان عوسمان گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ راشیگه‌یاند: تیمەکانی بەڵگە و تاوان پاشماوەی خوێن و تاڵەموی کوژراوەکەیان بە بەشی ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەکە دۆزیەوە، هۆکاری تاوانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کەسی لە نێوان تاوانبار و کوژراوەکەدا.

له‌ كۆتاییدا رایگه‌یاند: لەسەر رووداوەکە چوار کەس دەستگیرکراون، دوانیان بێ تاوانن و ئازاد دەکرێن، بەڵام هاوسەری کوژراوەکە و تۆمەتباری سەرەکی رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، بەهۆی ئەوەی تاوانبارەکە پێشوەختە پەیوەندی بە هاوسەری کوژراوەکەوە کردووە و پێی وتووە کە مێردەکەت دەکوژم.

هه‌فته‌ی ڕابردوو تەرمی پۆلیسێکی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناحیەی سیروان، لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە بە کوژراوی دۆزرایەوە.

Back to top button