یەكێتیی لەناو بنكەكانی دەنگدان له گهرميان پێشێلكاریی هەڵبژاردن دەكات
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی چەند ئەفسەرێکەوە لە بنكەكانی دەنگدانی تایبەتدا لە سنووری گەرمیان پێشێلكاریی کردووە و فشاریان خستووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان کە دەنگ بە کاندیدەکانی ئەوان بدەن.
لەمبارەوە رەهێل جاف، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 22ی گەرمیانی پارتی، ڕايگەیاند: “لە سنووری گەرمیان پێنج بنكەی دەنگدانی تایبەت هەیە، لەگەڵ دوو بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان، ئەو بنكانەش بۆ دەنگدەرانی هێزی پێشمەرگە و ناخۆیە كە قەرەباڵغی لە بنكەكان هەیە و خرووقاتی هەڵبژاردنیش دەكرێت”.
رەهێل جاف،ڕوونیشی كردەوە: “یەكێتی لە بنكەكانی دەنگدان پێشێلكاریی هەڵبژاردن کردووە و بە ئاشكرا لەناو ئەو بنكانە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن كە نابێت لەناو بنكەی دەنگدان بانگەشە بكرێت و ئێمە لەڕێگەی بریكارەكانمانەوە سكاڵا تۆمار دەكەین”.
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 22ی گەرمیانی پارتی،ئەوەشی گوت: “سروشتییە ئەو بنكانەی دەنگدانی تایبەت هەمووی هێزی سەربازییە و پرۆسەكەش خاو دەڕواتە پێشەوە و هەندێ جار ناوەكان ناخوێندرێتەوە و خرووقات هەیە و ئەمنیەتی ئەو ناوەندانە دراوەتە ئەو هێزانەی كە دێن بانگەشە بۆ یەكێتیی دەكەن و هەلەكە دەقۆزنەوە”.
بەپێی زانیارییەكان لە قوتابخانەكانی كوردستانی نوێ، شەهیدانی كوڵەجۆ و پێشكەوتن كە تایبەتن بە دەنگدانی تایبەت، ژمارەیەك لە ئەفسەر و بەرپرسانی یەكێتیی لە بایەنییەوە تاكوو ئێستا لەناو حەرەمی قوتابخانەكان ناچنە دەرەوە و فشاریان خستووەتە سەر كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان كە دەنگ بە كاندیدانی لیستی هاوپەیمانی بدەن.
س:باسنيوز