مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی: لە سلێمانی رێگری لە دەنگدەرانمان کراوە و فۆڕمی سکاڵاش نەدراوەتە بریکارەکانمان

ئەندامێکی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە سلێمانی لە دوو بنکەدا “رێگری” لە دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە دەنگ بدەن.
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 هاوار محەممەد، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند، چاودێرەکانیان 38 سەرپێچییان لە سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە تۆمارکردووە و گوتیشی، نیگەرانییان هەیە هەموو دەنگدەرەکان نەتوانن دەنگی خۆیان بدەن، هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ  “نەشارەزایی کارمەندانی کۆمیسیۆن”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی، “لە سلێمانی فۆڕمی سکاڵاش نەدراوەتە بریکارەکانیان، بە ڤیدیۆ بەڵگەمان هەیە لە کۆیە ئەفسەرێک بە جلی سەربازییەوە لە تەنیشت کارمەندێکی کۆمیسیۆن دانیشتووە و دەستوەردان لە کارەکانیان دەکات”.
بە گوتەی هاوار محەممەد، كه‌ بۆ راديۆى رووداو قسه‌ى كردووه‌ ئەمڕۆ کاژێر 16:00 لە ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە بەغدا تیروپشک دەکرێت بۆ ئەو بنکانەی بەدەست دەژمێردرێنەوە.
بڕیارە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوامیی هەبێت. رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
Back to top button