پارێزگارى هه‌ولێر: کێشەی وشکەساڵی چارەسەر کرا بۆ ئەمساڵ و پلانی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بۆ ساڵانی داهاتوو

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کێشەی وشکەساڵی چارەسەر کرا بۆ ئەمساڵ و پلانی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بۆ ساڵانی داهاتوو، ده‌شلێت:ئەگەر بابەتی گرفتەکانی ئیفراز نەهاتبا پێش لە مانگی ئەیلوول، ئەوا لەو کاتەدا ئەو مژدەیەمان ڕادەگەیاند.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ڕایگەیاند: کێشەی وشکەساڵی بۆ ئەمساڵ کۆنتڕۆڵ کرا و پلانی ستراتیژیمان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین، خۆشحاڵین، ڕایدەگەیەنین بەو هەنگاوانەی لە ڕابردوودا گرتمانە بەر، دۆخی وشکە ساڵی چارەسەرکرا و کۆنتڕۆڵ کرا و ئەمساڵی وشکە ساڵیمان دەرباز کرد و ئەگەر بابەتی گرفتەکانی ئیفراز نەهاتبا پێش لە مانگی ئەیلوول، ئەوا لەو کاتەدا ئەو مژدەیەمان ڕادەگەیاند.

ئومێد خۆشناو باسى له‌وه‌شكرد: “بە پێی ئەو پلانەی کە دامانڕشتبوو چەند هەنگاوێکمان گرتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وشکەساڵی، کە ئەوانیش پێکهێنان و دروستکردنی ژووری عەمەلیات بوو، کە ژوورەکە پێکهاتبوو لە هەموو فەرمانگەکانی پەیوەندیدار، هەروەها ڕاسپاردنی شانەی قەیرانەکانی پارێزگا بۆ خوێندنەوەی دۆخەکە و دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان، هەروەها دروستکردنی چەند لێژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە وەک لێژنەی بڕینی زێدەڕۆیی، هەروەها گەیاندنی ئاو بەتەنکەر بۆ ماڵان کە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕاسپێدرابوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

ئومێد خۆشناو لە کۆنفڕانسەکەدا گوتيشى: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە گرفتەکان  ٥١٣ بیر كارمان كردووه‌ و وەک  شۆڕکردنەوەی بۆڕی و غەتاسییان بۆ ئەنجام درا. ڕێککارێکی دیکەیان لێدانی  76 بیر و هەروەها ئێستاش 25 بیری دیکە کاری لەسەر دەکرێ و لە جێبەجێکردن دایە، هەروەها 133 پڕۆژەی ڕاکێشانی تۆڕی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەیاندنی کارەبای بەدیل بۆ 46 بیر، کاری لە پێشینەی کارەکان بوون، گەیاندنی تانکەری ئاویش بۆ ماڵان یەکێکی دیکە بوو لەو ڕێککارانە.  

پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وشکەساڵی 8 ملیار 643 ملیۆن و 411 هەزار و 900 دیناری عێراقی خەرجکراوە.

ئومێد خۆشناو لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاشکرای کرد : سەرچاوەی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەشێکی لەلایەن خودی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها بەشێکی دیکەی لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و بووجەی تەرخانکراوی شارەوانی بۆ وشکە ساڵی، بەشێکی تریش لەسەر بووجەی پارێزگا و  هەروەها گڕوپە خێرخوازییەکانیش زۆر هاوکاربوونە.

راشيگه‌ياند، هەموو ئەو کارانەی کراون چارەسەرێکی کاتی بوون بۆ دۆخێکی کاتی وشکەساڵی، پلانی ستراتیژیمان بۆ داهاتوو هەیە بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی، کە هەنگاوی باشی بۆ گیراوەتە.

پارێزگاری هەولێر پلانەکانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ڕەزامەندیمان وەرگرتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ئیفراز 4، کە هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەولێر لە قەیرانی کەم ئاوی بۆ چەند ساڵێکی درێژ خایەن ڕزگاری بێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند: دروستکردنی چەند بەنداوێک لە جێبەجێکردندان کە ئەوانیش بەنداوی “گۆمە سپان، بەستۆرە و مەنداوە”ـەن کە بەنداوی سەرەکی دەبن بۆ گڵدانەوەی ئاو.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئومێد خۆشناو سوپاسی خەڵکی هەولێری کرد بۆ ئارامگرییان و گوتی: ئەو ئارامگرییەی خەڵکی هەولێر بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێستا ئەو مژدەیان پێ ڕابگەیەنین.

Back to top button