پارێزگاری دهۆك: دەبێت گوێ بە پڕوپاگەندەی ناحەزان نەدەین … هەزاران شەهیدمان داوە،‌ كەمترین وەفا بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە و پێشمەرگە قارەمانەكان ئەوەیە، ئه‌مرۆ ده‌نگ بده‌ين

پارێزگاری دھۆك دەڵێ، پڕۆسەی دەنگدان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و ئەو كێشانەی هەبوون، چارە كراون. داواشی لە ‌خەڵكی سنووری پارێزگاكە كرد، سەردانی سندووقەكانی دەنگدان بكەن، بۆ ئەوەی دوای نیوەڕۆ قەرەباڵغی دروست نەبێت.

پارێزگاری دھۆك، دكتۆر عەلی تەتەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: “پڕۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوە دەچێت و كەس گلەیی نەبووه،‌ ئەو شوێنانەی سەردانمان كردوون و لە ‌سنووری پارێزگای دهۆكن، هیچ خروقاتێكی ئەتۆیان تێدا نەبووە،‌ ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرینگە،‌ ئەوەی دیكەش دەمێنێتەوە سەر كێشەی تەكنیكی، بێگومان هەبووە، بەڵام نەك بەو شێوەیەی كاریگەریی لەسەر رێژەی بەشداریكردن هەبێت، ڕاستە لە هەندێك شوێن ئامێری ئەلیكترۆنی ڕاوەستابوون و كاریان نەدەكرد، بەڵام كێشەكە چارە كرا”.

تەتەر گوتیشی: “ژمارەیەكی كەم هەن ئەوانەی نەخۆشییان هەیە، یان ‌بە ‌هەر هۆكارێك بێت پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە،‌ ئەویش چارە كراوە،‌ یان ئەوانەی سیمكارتەكانیان نایخوێنێتەوە و گەڕێندراونەتەوە،‌ ئەوەش رێژەیەكی كەمن”.

ناوبراو ئاماژەشی دا: “پڕۆسەی دەنگدان بە دروستی بەڕێوە دەچێت و كێشەكان چارە كراون، تەنیا یەك شت ماوە،‌ ئەویش خەڵكی ئێمە عادەتەن بە تایبەتیش پارێزگای دهۆك، زیاتر دانی ئێوارە سەردانی بنكەكانی دەنگدان دەكەن، هەرچەندە داواكاریی ئێمە ئەوە بوو دانی سبەینێ بێن، بۆ ئەوەی ئێوارە فشار لەسەر بنكەكانی دەنگدان دروست نەبێت”.

پارێزگاری دهۆك زیاتر گوتی: “پڕۆسەی دەنگدان ڕاستە مافە، لەلایەكی دیكەیش ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە،‌ بۆیە پێویستە خەڵك ئەو مافە بەدەست بێنن و بەشدار بن، چونكە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەزاران شەهیدمان داوە،‌ كەمترین وەفا بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە و پێشمەرگە قارەمانەكان ئەوەیە، 10 خولەك سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن و بەشدار بین لە چارەنووسی سیاسیی خۆمان، ئەو كەسانە بۆ بەغدا ڕەوانە بكەین، پشتڕاست بین كە لە بەغدا بەرگری لەو دەستكەوت و ئازادی و كیانە سیاسییەی هەرێمی كوردستان دەكەن، مافی دەستووری و ئەوانەی دیكەمان لە بەغدا دەپارێزن، بۆیە دەبێت بەشدار بین و گوێی خۆمان بە پڕوپاگەندەی ناحەزان نەدەین، چونكە پشكداریتان مافە و كەمترین ئەركە بەرانبەر نیشتیمانەكەمان، كە جێبەجێی دەكەین”.

س:kdp.info

Back to top button