سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: پڕۆسەکە لەرووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو

 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا له‌ به‌غداى پايته‌ختى عێراق ، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راپۆرتی هەڵسەنگاندنی تیمی چاودێرانی یەكێتی ئەوروپای ئاشکرا کرد و گوتى، پڕۆسەکە لەرووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، راشيگه‌ياند،” ماوەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.

سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكراشی کرد،” لە رۆژی هەڵبژاردندا زیاتر لە 100 چاودێریان لەسەرانسەری وڵات سەردانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان کرد و بەگوێرەی راپۆرت چاودێرەکانیشیان لە زۆربەی ناوچەکان پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام و بەیاسایی بەڕێوەچوو.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن گوتيشی: “یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکەمینجار و لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تیمێکی تایبەتی گەورەی بۆ عێراق رەوانە کرد، بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە 10ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو.

باسى له‌وه‌شكرد: ئێمە وەکو تیمی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانمان لەسەر پڕۆسەکە ئامادە کردووە، کە پڕۆسەکە لە رووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، هەروەها پڕۆسە و ماوەی بانگەشەش بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.

سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ستایشی عێراق و گەلەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە ئارامە. دەنگدەرانیش توانیان بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. نوێنەر کیانە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆییش لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون و پڕۆسەی دەنگدان و رێکارەکانیش بەشێوەیەکی فراوان جێبەجێکران.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن گوتيشى:” بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی دەنگدانەکە بە پۆزەتیڤی وەسف کرا و چاودێرانیشمان سەردانی 95%ی بنکەکانیان کردبوو، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پڕۆسەکە ئاڵۆزکرا، بەهۆی کارنەکردنی ئامێری پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی لە مافی دەنگدان بێبەش بن. چاودێرەکانیشمان بەهەمان شێوەی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردنیان بە کەم وەسف کردووە.

Back to top button