زێباری: خەڵکی هۆشیارە بۆیە دەنگیان بە پارتی دا.

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، رایگەیاند، کە سوپاسی هەموو کادیر و ئەندامان و هاووڵاتیان دەکەین کە دەنگیان بە پارتی دا، هاوکات ئەوەش روون دەکەنەوە، هاووڵاتییان هۆشیارن و دەزانن دەنگ بە چ لایەنێک دەدەن.

هۆشیار زێباری سەرپەرشتیکاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکدا بۆ مێدیاکان، رایگەیاند، کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە شێوەیەکی گشتی باش بەڕێوەچوو، هەندێ ملاحەزەشیان لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان هەبوو، بەڵام دواتر چارەکران، هاوکات کۆمسیۆنیش بەڵێنی خۆی بەجێهێنا، بۆ ئەوەی لە ماوی ٢٤ سەعات دەنگەکان ئاشکرا بکرێن، ئەوەش لەبەر ئەوەی تەزویرات نەکرێت.

زێباری ئەوەیشی خستە روو، ئەوان وەک لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ مەحموود محەمەد و ئامینە خان و جەعفەر ئیمینکی و هەڤاڵانی دیکەی، لەسەر قسەی جەنابی سەرۆک بارزانی، بە بێ دەنگی بەشداری بانگەشەکانیان کردووە و، هەموانیش مولتەزیم بوون لەسەر پێشنیارەکانی سەرۆکی حیزب و، پێکەوە ئەرکەکانیان بێ ئەوەی خۆیان بگلێنن لە وەڵامدانەوەی ئەملا و ئەولا کاری جددییان کردووە.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە تەرکیزیان لەسەر ئەوە بوو نەکەونە نێو شەڕی لابەلا، بەڵکو زیاتر کار بکەن، وەک هۆشیار زێباری گوتی: “ئەوەش وەنەبێ وەڵاممان نەبووبێ، بەڵکو هەمانبووە، ئەوانەی دژایەتی پارتییان دەکرد، سوودیان لەسەر دژایەتی پارتی وەرنەگرت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بوو”.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لەگەڵ زۆربەی زۆری هێزە براوەکانی عێراق قسە کراوە، بە زووترین کات وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیە بۆ مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی عێراق پێکدەهێنن، هاوکات لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش گفتوگۆ دەکەن، دووپاتیشی کردەوە، کە خۆشحاڵ دەبن سەرجەم لایەنە براوەکانی کوردستان پێکەوە یەکڕیز بن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، هۆشیار زێباری ئاماژەی بە دەنگ و کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا و، بە دەستکەوتێکی گەورەی نێوبرد، هاوکات ئەو سەرکەوتنەشی بەوە ناوبرد، کە دەرخەری ئەوەیە خەڵکی کوردستان هۆشیارە و دەزانن کام لایەن بەرگریکار و ئەمینە بۆ گەلەکەیان، بۆیە دەنگیان بە پارتی دا.

 

س:kdp

Back to top button