لقی 11ی پارتی: ئەنجامی هەڵبژاردنی بازنەی چواری سلێمانی رەتدەکەینەوە

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت ئەنجامی هەڵبژاردنی بازنەی چواری سلێمانی بە تەواوی رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ژمارەی دەنگی بەربژێرەکەیان بە هەڵە بڵاوکراوەتەوە یان گۆڕدراوە.

رۆژی دووشەممە 11-10-2021 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، بەپێی ئەنجامەکە بەربژێری پارتی لە سنووری لقی 11ی پارتی کە ناسکە عەبدوڵڵا بوو دەنگی پێویستی نەهێناوە، بەڵام مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی ئەنجامەکەی کۆمیسیۆن رەتدەکاتەوە.

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک نێردراوە رایدەگەیێنێت: “ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی پارێزگای سلێمانی راگەیاند. بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆن کاندیدی پارتیمان لە بازنەی چواری سلێمانی ناسکە عەبدوڵڵا 11 هەزار و 742 دەنگی بە دەستهێناوە”.

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی دەڵێت بەربژێرەکەیان زیاتر لەو دەنگانەی هێناوە کە کۆمیسیۆن رایگەیاندووە و دەڵێت: “ئێمە ئاماری تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیمان لەبەردەستە، کە بریکارەکانمان لە بنکەکانی دەنگدان لە کۆمسیونی هەڵبژاردن وەریانگرتووە تەنیا لە هەڵبژاردنی گشتیدا 13,416 دەنگمان بەدەستهیناوە”.

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی پێیوایە ئەو ئەنجامەی کۆمیسیون رایگەیاند “بە هەڵە تۆمارکراوە یان دەستێکی لە پشتە” بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەنەوە. داوا لە کۆمیسیۆن دەکەن پێداچوونەوە بە راگەیاندنی ئەم ئەنجامەدا بکات و بۆ ئەو بابەتە سکاڵا تۆمار دەکەن.

بازنەی چواری سلێمانی کە دووکان، چوارقوڕنە، حاجیاوا، رانیە، بێتواتە و قەڵادزێ دەگرێتەوە، بەپێی ئەنجامەکەی کۆمیسیۆن، ئەو چوار بەربژێرە زۆرترین دەنگیان ‌هێناوە.”

Back to top button