چاودێرێكى سياسى: خەڵکی شنگال دەیانەوێ پارتی و پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە سنوورەکەیان

چاودێریکی سیاسی لە شنگال ڕایگەیاند لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا دەرکەوت کە خەڵکی شنگال دەیانەوێ پارتی و پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە سنوورەکەیان و جارێکی دیکە جەختیان لە کوردستانی بوونی دەڤەرەکە کردەوە.

فەیسەڵ قاسم، چاودێری سیاسی لە شنگاڵ  ڕايگەیاند: “سەرکەوتنی کاندیدەکانی پارتی لە شنگال ئەوە دەگەیەنێت خەڵکی شنگال چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتییە بۆ سنوورەکە، هەڵبژاردن لەو ناوچەیە زۆر بە شەفافی بەڕێوە چووە و هیچ ساختەکارییەکی تێدا نەبووە و بۆ هەموو لایەک دەرکەوت کە پارتی خاوەنی ڕاستەقینەی شنگالە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە و خەڵکی شنگالیش دووبارە ئەوەیان سەلماند کە بە هیچ شێوەیەک شنگال لە کوردستان جیا نابێتەوە و ناسنامەکەی کوردستانییە و پارتیش خاوەنیەتی و لەم هەڵبژاردنەشدا هاووڵاتییانی سنوورەکە کوردستانیبوونی دەڤەره‌کەیان سەلماند”.

فەیسەڵ قاسم كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ گوتیشی: “من وای دەبینم پاش هەڵبژاردن پارتی دەگەڕێتەوە بۆ شنگال و ڕێگە خۆش دەکرێت کە ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە بۆ شوێن و زێدی خۆیان، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شنگال ده‌نگیان بە پارتی دا و سەلماندیان کە بەتەنیا پارتییان دەوێت و دەبێ بگەڕێتەوە شنگال و تاکوو ئەمنیەت و ئاشایش و ئاوەدانی لە دەڤەرەکە سەقامگیر ببێت”.

Back to top button