“پێنتاگۆن”: چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین و نامانەوێت بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە هێرش بکرێتە سەرمان

دوای چەند رۆژێک لە ئەنجامدانی هەلبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا “پێنتاگۆن” گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دانوستانە هونەرییەکانی لەگەڵ عێراق دەربارەی داهاتووی بوونی هێزەکانی ئەمریکا.

کێربی، رایگەیاند، ئەمریکا نایەوێت توندوتیژی لە عێراق یان هەڕەشە و کردەوەکان بۆ سەر هێزەکانیان لەو وڵاتە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت زیاد بکات و، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی “داعش”.

کێربی، ئەوەشی زیاد کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا ئێستا توانا و مافی بەرگریکردنی لەخۆی هەیە لە دژی هەر هێرشێک کە رووبەڕووی دەبێتەوە.

کێربی، جەختی کردەوە، ئەمریکا چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات و ئاواتەخوازە ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق حکوومەتێک پێکبهێنێت کە رەنگدانەوەی ئیرادەی خواستی گەلی عێراق بێت و، کاربکات لەسەر چارەسەکردنی ئاڵنگارییەکانی مافی مرۆڤ و ئاسایش و ئابووری لە عێراق.

Back to top button