نێچیرڤان بارزانی و پلاسخارت: ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت حكوومه‌تێكى ئارام و سه‌قامگير بۆ عێراقییه‌كان دابين بكات

ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌سه‌ردانێك گه‌یشتۆته‌ شاری هه‌ولێر، دوێنی پێنجشه‌م له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عێراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هيوايان خواست ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هيوا و چاوه‌ڕوانييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عێراقييه‌كان دابين بكات، هه‌روه‌ها هاوڕابوون كه‌ پێويسته‌ هه‌ر تانه‌ و تێبينييه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به‌ ڕێكاره‌ ياسايييه‌كان يه‌كلا بكرێنه‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ خاتوو پلاسخارت و نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (يوونامى) كرد بۆ ڕۆڵى به‌رچاويان له‌ چاودێريكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و يارمه‌تيدان و پشتگيريكردنى عێراق.

Back to top button