ئومێد خۆشناو: دڵنیایی دەدەین بە هاووڵاتییان قەیرانی غاز دروست نابێت

پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کێشەی غاز تەنها لە پارێزگای هەولێردا نییە، بەڵکوو لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەیە و دڵنیایی دەدات بە هاووڵاتییان قەیران دروست نابێت و نرخی غاز بەرز نابێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2021 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان تیڤی سەبارەت بە کێشە و قەیرانی غاز قسەیکرد و گوتی: کێشەی غاز تەنها لە پارێزگای هەولێردا بوونی نییە بەڵکوو لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەهۆی ئەوەی وێستگەی کۆرمۆر لەژێر کاری چاککردنەوەدایە و لەگەڵ خاوەن کارگەکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە گفتووگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

هەروەها گوتیشی: خودی سەرۆکی حکوومەت چاودێری دۆخەکە دەکات و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین کە قەیران دروست نابێت و نرخی غاز بەرزنابێتەوە، هەروەها گوتیشی: لێپێچینەوەمان لەگەڵ بریکارەکانی غاز کردووە و لەمەودوا لێپێچینەوەکانمان توندتریش دەکەین.

هەروەها ئومێد خۆشناو گوتی: هەوڵدەدەین هەر سەیارەیەکی غاز پۆلیسێکی لەگەڵ دابندرێت بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە کە لە کام شوێن و چۆن دابەش دەکرێت.

هەروەها ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە تەواوبوونی کاری چاککردنەوەی وێستگەی کۆرمۆر کرد و گوتی: پێیان ڕاگەیاندووین لەماوەی دوو هەفتەدا هەوڵ دەدرێت کاری چاککردنەوەی تەواو بکرێت، گوتیشی لەگەڵ نوێنەری “ساوز کوردستان” و سامانە سروشتییەکان کۆبوونەوەمان کردووە و ڕێککەوتووین کە ڕێژەی ناردنی غاز بۆ هەولێر زیاتر بکەن.

ئومێد خۆشناو سەبارەت بە کێشەی بەنزینیش قسەیکرد و گوتی کێشەیەک لە ڕێککەوتنەکەی ئێمە و بەغدا دروستبووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سروشتییەکانی ڕاسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت.

Back to top button