کوڕێکی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی پەیامێك ئاراستەی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات

كوڕێكی كۆسرەت ڕەسووڵ لە 16ـی ئۆكتۆبەر، پەیامێك ئاراستەی خیانەتكاران دەكات بە دانانی وێنەیەكی باوكی و بە كۆمێنتێك بە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێت، باوكی سەربەرزە و ئەوانی تریش دۆڕاو.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئۆكتۆبەر، دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵ كوڕی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، وێنەیەكی باوكی داناوە و لەسەری نووسیوە، ئەمڕۆ لە هەموو رۆژ زیاتر سەرت بەرزە.

ئەو پەیامەی دەرباز بە ناڕاستەوخۆ بۆ سەرانی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەرە، كە پێشتر خۆیان وەك كەسانی سەركەوتوو دەزانی، ئێستەیش دوای هەشتی تەمووز و ئاشكرابوونی كارە ترسناكەكانیان كە بریتی بوو لە ساختەكاری و ژەهرخواردكردن و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن، لەناو حزبەكەیان ڕێسوا كراون.

هەر ئەوکاتە، كۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی، لە بەیاننامەیەكدا ئەو خیانەتكارانەی بە ”كاڵفام“ ناوبرد و رایگەیاند ”ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو، لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتییە.

رۆژی ١٨ی ١٠ی ٢٠١٧، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هەلپەرست و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی و فەیسبووكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، لەو رووداوانە بەرپرسیارن.

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەوكاتی یەكێتیش چەندان جار دووپاتی كردەوە كە تاقمی خیانەتكاری ناو یەكێتی ”خیانەت لە خوێنیاندایە و خۆفرۆشییان كردووە بە پیشە“.

Back to top button