بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە 35 گوندی خانەقین چۆڵ كراون و لهسێ ناحيهى سنوورهكهش 5% كورديان تێدا ماوه
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 زیانی بە هەموو گەلی كوردستان گەیاند، بەتایبەت كوردانی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، جێگری بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە 35 گوندی خانەقین چۆڵ كراون و ناحیەكانی گوڵاڵە، سەعدییە و قەرەتەپە 5٪ كوردیان تێدا ماوەتەوە.
لەمبارەوە ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی، ڕايگەیاند: “دیارە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تاڵترین خیانەتە و ڕۆژێكی شووم بوو كە دەرەنجامی خۆفرۆشتنی باڵێكی ناو یەكێتیی بووە هۆی ئەوەی كە ناوچە كوردستانییەكان داگیر بكرێن، ئەوانەی كە ئازادیی گەلی كوردستان بە ڕەوا نابینن، ئێستا لە ناوچەكە دەسەڵاتدارن، ئەوەی كە كرا زامێكی قووڵە و ساڕێژكردنی ئەستەمە، چونكە تاكوو ئەو ناوچانەی كە داگیركراون ئازاد نەكرێن ئەو زامە ساڕێژ نابێت.
ئەو بەرپرسەی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەرەنجامی ئەو خیانەتە گەورەیە بەتایبەت لە سنووری خانەقین 35 گوند بە تەواوەتی چۆڵ كراون، لە ناحییەكانی قەرەتەپە، گوڵاڵە و سەعدییە 5٪ كوردیان تێدا ماوەتەوە ئیتر ئەو خەڵكە هەموو ئاوارە بوون، هەروەها ناحیەی مەندەلیش رێژەیەكی كەم كوردی تێدا ماوەتەوە، ئەوانەی بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمەی كە دەكرێت ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەو ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كراون، بەڵام بەداخەوە بە خیانەت فرۆشران.
ئەكبەر حەیدەر، كه بۆ باسنيوز قسهى كردووه ئەوەشی خسۆتە ڕوو، هەر بەهۆی ئەو خیانەتە گەورەیەوە ئێستا دۆخی تەناهیی ناوچەكە ناجێگیرە، چونكە نەبوونی هێزی پێشمەرگە، هەروەها نەبوونی بارەگاكانی پارتی وای لە خەڵك كردووە كە بێ پێشمەرگە، خەڵك هەست بە ئەمان نەكات و خەڵك لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی پێشمەرگەیە، چونكە پێشمەرگە دڵسۆزانە خەڵك دەپارێزێت و ئازارەكانی ئەو خیانەتە لەبیر ناكرێت.
لەو چوارچێوەیەدا سەربەست برزۆ، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە خانەقین، ڕايگەیاند: “لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بارودۆخێكی ناجێگیر ڕووی لە خانەقین كردووە، بەهۆی ناجێگیریی باری تەناهی و نەمانی هێزی پێشمەرگە وای كردووە كە بۆشاییەكی زۆری تەناهی دروست بووە بە حوكمی ئەوەی ئەم هێزانەی عێراق و حەشدی شەعبی ناتوانن بە تەواوەتی ناوچەكە بپاریزن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بۆشایی تەناهی دروست بێت و داعش زیاتر لە ناوچەكە گەشە بكات.
ناوبراو بۆ باسنيوز گوتووشيهتى: “بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە خانەقین 500 خێزان شارەكەیان بەجێ هێشتووە و ئاوارن بوون، چارەسەری كۆی گشتیی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان بەتایبەت خانەقین بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكەی دەبێت”.