پارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێدەکات
بڕیارە بەمنزیكانە شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بكات و پرسی پێكھێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و یەكریزی لایەنە سیاسییەكان تاوتوێی بكەن.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگەیاند “پارتی ھەرچەندە براوەی ھەڵبژاردن بێت، بەڵام بەردەوام خەمی یەك ریزی و یەكدەنگی کوردیەتی، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی لایەنەسیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش بانگێشتی لایەنە براوەكانی ھەڵبژاردن دەكات”.
لە بارەی پۆستی سەرۆك كۆماريش بڵند ئیسماعیل،كه بۆ كوردستان24 قسهى كردووه گوتوويهتى: “پۆستی سەرۆك كۆمار بە دڵنیایەوە بۆ كورد دەبێت، گرنگ نییە لەنێو لایەنە سیاسییەكان بۆ كام لایەن دەبێت، بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان یەکلا دەکرێتەوە و نابێت لە شوێنی دیكەوە ئەو پۆستە بدرێتە لایەنێكی سیاسی، وەك چۆن شیعە و سوننەكان خۆیان كاندید دیار دەكەن”.