وەزیری پەروەردە: بڕەپارەیەکی مەقتووعی مانگانە دەدرێتە مامۆستایانی وانەبێژ

وەزیری پەروەردە، دەڵێت، بڕەپارەیەکی مەقتووعی مانگانە لە ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 بۆ مامۆستایانی وانەبێژ برياره‌ دابین بکرێت.

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان،رايگەیاند، “لە 15-8 پرۆژەیەکمان بۆ باشترکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ پێشکێشی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، ئەوانیش رەوانەی وەزارەتی داراییان کردووە و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر ئەو پرۆژەیە بووە.”

وەزیری پەروەردە گوتيشی، “بەشێک لە پێشنیازەکانی ئێمە جێگەیان کراوەتەوە و وا بڕیارە دووبەیانی تیمی تەکنیکیی هەردوولامان دابنیشن و رێنمایی ئامادە بکەن تاوەکو بتوانین خزمەتێکی مامۆستایانی وانەبێژ بکەین.”

د. ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیازەکان زۆر بوون، بەڵام “ئەوەی لەسەری کۆکبووین یان دەرفەتە، بڕەپارەیەکی مەقتووعی مانگانە لە ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دابین بکرێت، ئەوەش پێویستی بە وردەکاری و رێنوێنیی هەیە.” ئەوەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی تاوتوێ دەکەین.

س:رووداو

Back to top button