گوته‌بێژی پارتی: هه‌ر لایه‌نێك له‌ كارنامه‌ی پارتی نزیك بێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستین

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 18ى 10ى 2021 ، شاندێكی پارتی به‌سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامێیه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌حموود محه‌مه‌د ، عارف ته‌یفور ، عه‌لی حوسێن ، دلشاد شه‌هاب ، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌مه‌به‌ستی تاتوێ كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پرسی یه‌كده‌نگی كورد له‌ به‌غدا گه‌یشتنه‌ پارێزگای سلێمانی و له‌ده‌ستپێكدا له‌گه‌ڵ شاندی باڵای یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی كۆبوونه‌وه‌.

دوای كۆبونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولاش ، مه‌حموود محه‌مه‌د گوته‌بێژی پارتی و ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی یەکێتی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا لە سەرەتایی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێشخەریەکی باش بوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگمان کرد، بەتایبەتی یەکڕیزی کورد لە بەغدا.

گوتەبێژی یەکێتی گوتیشی: ، ئەمڕۆ تەنیا باسی شەراکەتی راستەقینەمان کرد و هیچ باسێکی پلە و پۆستمان نەکردووە و ناکرێت پۆستەکان بکەین بە عوقدە.

هه‌روه‌ها مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند:

دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، وەک شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین،سەردانەکە سەردانی دۆستانەیە، رەنگە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن جۆرێک لە نیگەرانی لەنێوان لایەنەکان دروست بووبێت، دەمانەوێت ئەو نیگەرانییە بڕەوێنینەوە، هەموو ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکەن، پێکەوەبین داکۆکیکی لەو مافە دەستوورییانە بکەین بکە بەدەستهاتوون و کار بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش بکەین کە ماوەن.

گوتەبێژی پارتی راشیگەیاند: رەنگە بەهۆی هەڵمەتەکانی بانگەشەوە هەندێک نیگەرانی دروستبووبێت بۆیە سەردانی یەکێتیمان کرد تا نیگەرانییەکان بڕەوێنینەوە، راشیگه‌یاند: هیچ ناکۆکییەک لە نێوان پارتی و یەکێتییدا نییە.

محەمەد مەحمود گوتیشی: بەغدا ئێمەی بە 200 ملیار دینارەوە سەرقاڵکردووە و لەمەبەدوا ناهێڵین بەوجۆرە بێت چونکە ئەوە مافی خۆمانە و بەغدا خێرمان پێناکات.

 

Back to top button