سلێمانی: پارتی و گۆڕان کۆ بوونەوە
ئەمڕۆ، دووشەممە ١٨/١٠/٢٠٢١، وەفدی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و پاشان بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست کۆ بووەوە. وتەبێژی پارتی دەڵێت: ”بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین.”
وەفدی پارتی دیموکرتی کوردستان لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە، دیدارەکانی پارتی پێوەندیی بە یەکگوتاری کوردییەوە هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق”.
وەفدی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، وەفدی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەلایەن بەختیار عومەرەوە سەرۆکایەتی کرا و، کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند و گفتوگۆ لەسەر پشکی کورد و یەکگوتاریی کورد و بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی ئایندەی عێراقدا کرا.”
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردسان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: “لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیاری ئەوەمان داوە کە سەردانی هەمو لایەنەکان بکەین، تەنانەت ئەوانەشی کە هیچ کورسییەکیان نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو شاندە پێک هاتووە کە بەفەرمی سەردانی لایەنەکان بکات بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکخستنی نێوماڵی کوردستانی بۆ ئەوەی درزێک نەبێت کە خەڵکی ناحەز هەوڵ بدات لەوێوە کێشە بۆ کوردستان دروست بکات”.
وتەبێژی پارتی باسی لەوەش کرد: “پێش هەڵبژاردن و ماوەی ساڵێک دەبێت لیژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵدا پێک هاتووە بۆ ئەوەی کە چۆن بابەتی ئاساییکردنەوەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئاستەنگ هاتووەتە پێشەوە، وەکو ئەوەی کە لە شنگال کرا و ڕێککەوتنیش کرا، بەڵام ئاستەنگ هاتە پێشەوە”.
س:kdp.info