چەند بڕیارێكی گرنگ لەسەر خێرا بەڕێوەچوونی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و كاراكردنی درا
كەمال محهمهد ساڵح وەزیری كارەبا لە میانەی بەسەركردنەوەی پڕۆژە و كارەكانی خزمەتگوزاریی كارەبا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ ڕۆژی دووشەممە 2020/10/18 لەگەڵ ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی كارەبا لەسێكتەرەكانی (دابەشكردن و گواستنەوە و كۆنترۆڵ و پۆلیسی كارەبا و لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك و نوێنەرانی كۆمپانیای TLجێبەجێكاریی پرۆژەكە)كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دهۆك ئامادەبوون، وێڕای باسكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە كارەبا لەپارێزگاكە و چۆنیەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ هاووڵاتیان، وەزیری كارەبا لە نزیكەوە گوێبستی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەی پێوەری زیرەك بوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك خێراتر بكرێت بۆ ئەوەی بۆ زستانی ئەمساڵ سەرپێچییەكان و زیاد بەفیڕۆچوونی كارەبا كەم بكرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانە دران:
1- لەكاتی لەكاركەوتنی پێوەری زیرەك كۆمپانیای جێبەجێكار پێوەرەكە بۆ هاوبەشەكە ناگۆڕێت، دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی كارەبا پێوەرەكە بگۆڕێت.
2- بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا دەسەڵاتیان پێدرا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار پێكەوە پێوەر ببەستن.
3- لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاریی پڕۆژەكە و لیژنەی ڕادەستكردنی كار ببنە یەك لیژنە.
4- پلانی هەڵگرتنی ڕۆتین لە پڕۆژەكەدا دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەكرێت.
5- هەر پێوەرێك لەكار بكەوێت چاكبكرێتەوە و هۆكاری تێكچوونەكەشی دیاری بكرێت.
6- هاندان و پاڵپشتی تەواویی ئەو كارمەند و فەرمانبەرانە بكرێت كە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە كارەكانیان بەڕێوە دەبەن، بەپێچەوانەوە كەسی كەمتەرخەم سزا بدرێت.
7- هەر 7 ڕۆژ بۆ 10 ڕۆژ راپۆرتێكی تایبەت لەسەر چۆنیەتی ئیشكردن و بەڕێوەچوونی پڕۆژەكە بخرێتە ڕوو.