ئهمڕۆ پارتی لەگەڵ حزب و لایەنە کریستیانەکان کۆدەبێتەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی حزب و لایەنە کریستیانەکان بکات.
بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی دەست پێ کردووە و لەم چوارچێوەیەش بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی ھەریەک لە ئەنجوومەنی گەلی کلدانی، حزبی بەیت نەھرەین، قەوارەی شلاما، بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی، رێکخراوی کلد و ئاشووری، حزبی یەکێتیی دیموکراتیی کلدانی، رابیتەی کلدانی و پارتی بەیت نەھرەینی نیشتمانیی بکات.
دوێنێ سێشەممە، شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ھەریەک لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و حزبی شیوعیی عێراقی کرد و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانییان کردەوە.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتووە لە : فازڵ میرانی ، سکرتێری مەکتەبی سیاسی و مەحمود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پشتیوان سادق ، عەلی حوسێن ، دڵشاد شەھاب، ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.