مەسرور بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکان: ئێوە دەتوانن ببنە سەركردە و مامۆستای باش بۆ نەوەكانی دوای خۆتان

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20-10-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا قوتابییە یەکەمەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی خەڵات کرد و رایدەگەیەنێت، قوتابییانی کوردستان دەتوانن ببنە سەركردە و رێبەر و مامۆستای باش بۆ نەوەكانی دوای خۆیان.

لە وتارێکدا كه‌ له‌ رێوڕەسمەکەدا، پێشكه‌شى كرد مەسرور بارزانی بە قوتابییە یەکەمەکانی راگەیاند: سێ شت لەبەر چاو بگرن، نیشتمانپەروەری ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی.”

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان :

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

قوتابیانی زێدە ئازیز و خۆشەویست

ئامادەبوانی بەڕێز

زۆر زۆر بەخێر بێن

لە سەرەتا دەمەوێ پیرۆزباییەكی زۆر گەرم لە ئێوەی ئازیز بكەم بۆ دەرچوونتان و تەواوكردنی ئەم قۆناغە لە خوێندن بە پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم لە سەر ئاستی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. زۆر زۆر لێتان پیرۆز بێت. هیوادارم هەمیشە لە هەموو قۆناغەكانی ژیانتاندا هەروا سەركەوتوو بن.

سوپاسی بنەماڵە بەڕێزەكانتان دەكەم كە پشتیوان و پاڵپشت بوون لەم ماوەیە كە ئێوە بتوانن ئەم قۆناغە بە سەركەوتوویی تەواو بكەن. سوپاسی هەموو مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە خۆیان لەگەڵ ئێوە ماندوو كرد تاوەكوو ئێوە بتوانن بەم شێوەیە سەركەوتن بەدەست بهێنن و ببن بە نموونەیەكی درەوشاوە لە نەوەی نوێی كوردستان. جارێكیتر لە هەمووتان پیرۆز بێت، هیوادارم لە قۆناغەكانی دیكەش كە دەچنە زانكۆ، هەروا سەركەوتوو بن و ببن بە كەسی كاریگەر و سەركەوتوو بۆ كۆمەڵگەكەتان.

خۆشحاڵم كە بینیم ئێوە خۆتان ماندوو كرد بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی بەهێزتر بۆ خۆتان دروست بكەن. زانست و خوێندن هێزە، چەند زیاتر خۆتان پێ بگەیەنن، چەند زیاتر خۆتان فێر بكەن، ئەوەندە كەسایەتییەكی بەهێزتر بۆ خۆتان دروست دەكەن و دەتوانن ببن بە كەسێكی كاریگەر بۆ كۆمەڵگەكەتان و وڵاتەكەتان.

هیوادارم خوێندن تەنیا لە پێناو خوێندن نەبێت، بۆ ئەوە بێت وەكوو كەرەستەیەك خوێندن بەكار بهینن كە چۆن بتوانن كاریگەرییەكی زیاتر لەسەر پێشخستنی كۆمەڵگە و وڵاتەكەتان بكەن و وڵاتەكەتان ئاوەدانتر بكەن،  چۆن بتوانن ژینگەیەكی تەندرووستتر لە وڵاتەكەتان دروست بكەن و دڵنیام بەو ئاستەی ئێوە توانیتان ئەم قۆناغە تەواو بكەن، ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە سەركردە و رێبەر و مامۆستای باش بۆ نەوەكانی دوای خۆشتان.

خوشك و برایان

ئازیزانم

من داواتان لێدەكەم لەم قۆناغە و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا سێ شت لەبەرچاو بگرن، نیشتمانپەروەری و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی.

نیشتمانپەروەر بن بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەكەی خۆتان بپارێزن و بونیادی بنێن و بەرەوپێشەوەی ببەن.

ژیاندۆست بن بۆ ئەوەی یەكترتان خۆش بوێ و جیاوازییەكانی نێوان خۆتان قەبوڵ بكەن، بۆ ئەوەی ئایین و جیاوازییەكانی ئیتنی لە ناو وڵاتەكەمان بەو شێوەیەی تاوەكوو ئێستا ڕێزی لێگیراوە،  بەردەوام بێ و ئێوە زیاتر رێزی لێ بگرن.

ژینگەدۆست بن بۆ ئەوەی سرووشتی وڵاتەكەتان بپارێزن،  ئاو و خاك و هەوای وڵاتەكەتان بە پاكی رابگرن. وڵاتێك دروست بكەن كە جێی سەرنجی نەك تەنیا خەڵكی كوردستان، بەڵكوو گەشتیارانیش بێت تاوەكوو بێن ئەم سرووشتە جوانەی كوردستان لە نزیكەوە ببینن.

بێگومان خوێندن بەشێكی سەرەكی بووە لە ئەجێندای ئەم حكوومەتە كە پێویستە گرنگییەكی یەكجار زۆری پێ بدەین. ئێمە هەر لەسەرەتاوە هەوڵی ئەوەمان داوە كە گرنگی بەم كەرتە بدەین. بەداخەوە كۆرۆنا و چەندین قەیرانی دارایی و ناخۆشی كە لەم ماوەیەدا رووبەڕوومان بووەوە، وەكوو پێویست ئێمە نەمانتوانی لەسەر بەرنامەكانی خۆمان بەردەوام بین، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پرۆسەی خوێندن نەوەستا. لێرە جێی خۆیەتی سوپاسێكی زۆری وەزیری پەروەردە و هەموو ئەو وەزیرانەیتر بكەم كە هاوكار بوون بۆ بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەی خوێندنە. وە سوپاسی هەموو ئەو فەرمانبەر و مامۆستا بەڕێزانەش دەكەم كە بەردەوام بوون لە درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و دروستكردنی كەش و هەلومەرجێكی وا كە قوتابییەكان بەردەوام بن چ بە شێوەی ئۆنلاین یان بە شێوەی ئەلیكترۆنی و تەلەڤزیۆنی. تەنانەت ئەو كاتانەی نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانەش بەڵام پرۆسەی خوێندن نەوەستێت. ئەمەش رووێكی تری بەهێزیی ئیرادەی گەلەكەمان و نەوەی نوێی گەلەكەمانە. سەرەڕای ئەم هەموو قەیران و سەختی و دژوارییە، بەڵام ئیرادەی ئەوەیان هەبوو كە بەردەوام بن لە خوێندن، ئەنجامەكەشی ئیستا ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بیبینین و خەڵاتی ئەم بەڕێزانە بكەین كە سەركەوتووانە توانییان قۆناغەكە تێپەڕێنن و پلەی یەكەم بەدەست بهێنن.

جارێكیتر دەستخۆشیتان لێدەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.

Back to top button