پارتی بەییاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە
خواكوڕك
بە بۆنەی راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 كە 26 ساڵ بەسەر ئەم یادە تێدەپەڕێت پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە دەلێت:” راپەڕینی گەلی كوردستان لە ئاداری ١٩٩١دا، بەرەنجامی خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی گەلی كوردستان و درێژكراوەی شۆڕشی رزگاریخوازیی نیشتمانی بوو كە لە دژی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و لەپێناوی ئازادی و دیموكراتی مێژوویەكی پڕشنگداری، بە قوربانیدانی رۆڵەكانی تۆمار كردبوو.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكە هاتووە, گەلی كوردستان كە خودان شانازییەكانی راپەڕینە شكۆدارەكەی ئاداری ١٩٩١ە بنەماكانی دیموكراسی سیاسی و كرانەوەی بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی جیهانی هاوچەرخ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فیكری توندڕەوی و شێوازە جۆراوجۆرەكانی رەگەزپەرستی كردە ئایدیای خۆی بۆ دامەزراندنی پێگەكانی دوارۆژی
هەروەها مەكتەبی سیاسی پارتی دەنوسێت:” ئێستا دوای تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی كوردستاندا و پاش كەڵەكەبوونی ئەزموونەكانی خۆمان لە جۆری پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد و حوكمڕانیی خۆماڵی و ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رۆلمان لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمایەتی و جیهانیدا، قۆناغێكی نوێی بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین پێگەیشتووە و پێویستە ئەم دەرفەتە بە وریاییەوە بقۆزینەوە و نەهێڵین بێ بەرهەم تێبپەڕێت”
دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (۲٦)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی (٥ی ئاداری۱۹۹۱).
(راپەڕین لە سەربەخۆیی كوردستاندا ئامانجەكانی بەدی دێن)
راپەڕینی گەلی كوردستان لە ئاداری ١٩٩١دا، بەرەنجامی خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی گەلی كوردستان و درێژكراوەی شۆڕشی رزگاریخوازیی نیشتمانی بوو كە لە دژی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و لەپێناوی ئازادی و دیموكراتی مێژوویەكی پڕشنگداری، بە قوربانیدانی رۆڵەكانی تۆمار كردبوو.
راپەڕین وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلێك بوو كە حكومەتە شۆفێنییە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە هاوكاری داگیركەرانی دیكەی نیشتمانی كوردستان لە ناوچەكەدا، ویستیان بە ئەنفالكردن و كیمیابارانكردنی جینۆسایدی بكەن. بەڵام دەرەنجام ئەوان لەناوچوون و گەلی كوردستان سەربەرزانە هەموو قۆناغە دژوارەكانی بڕی و بە هەورازە سەختەكاندا هەڵزنا و پەرلەمانی پێكهێنا و حكومەتی دامەزراند و سەركەوتنی یەك لەداوای یەكی هەڵچنی، بەو هۆیەشەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش متمانەی خۆی پێ بەخشی و بۆ پەیڕەوكردنی بەرژەوەندی هاوبەش رووی لە هەرێمی كوردستان كرد.
گەلی كوردستان كە خودان شانازییەكانی راپەڕینە شكۆدارەكەی ئاداری ١٩٩١ە بنەماكانی دیموكراسی سیاسی و كرانەوەی بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی جیهانی هاوچەرخ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فیكری توندڕەوی و شێوازە جۆراوجۆرەكانی رەگەزپەرستی كردە ئایدیای خۆی بۆ دامەزراندنی پێگەكانی دوارۆژی. بۆ بەدیهێنانی هەر یەك لەو پرینسیپانەیش دامەزراوە سەروەرییەكان و سەرۆكایەتی هەرێمی كردە سیمبولی نیشتمان و گەلێكی فرە نەتەوە و فرە ئایین كە لەژێر یەك ئاڵادا پێكەوە دەژین و پێكەوە كار بۆ ئایندەیەكی گەشتر دەكەن و قۆڵی مەردایەتییان لێ هەڵكردووە بۆ پاراستنی سەروەرییەكان و پیشخستن و گەشەكردنی زیاتر.
لە كاروانی پێشڤەچووی ئەنجامەكانی راپەڕیندا، گەلی كوردستان لە رێی نوێنەرایەتی سیاسی خۆیەوە دوای رووخانی رژێمی فاشی بەعس، بەشداری كارای لە پێكهێنانەوەی دەوڵەتی عێراقدا كرد لەسەر ئەو بنەمایە كە دەبێتە دەوڵەتی هەمووانی خودان دەستوور و ئیتر دیكتاتۆرییەتی سیاسی و هەژموونی نەتەوەیەك بەسەر نەتەوەكانی دی نامێنێ و كۆتایی بە زوڵمی ئایینی و مەزهەبی دێت و سامانی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەكردنی ئابووری بەكاردەهێنرێ نەك جەنگ و ماڵوێرانكردن، بەڵام ئەوانە نەهاتنە دی و جارێكی دیكە مەیل و خولیای دیكتاتۆریی سەریهەڵدایەوە و شەڕی مەزهەبی عێراقی گەیاندە لێواری داڕمان و هەموو توانستە ئابوورییەكان بۆ درێژەدان بە خوێنڕشتن خەرج كرایەوە و دواجار پشتكرایەوە بنەماكانی تەوافوق و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و دەستكرایەوە بە سزادانی گەلی كوردستان لە رێی بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانییەوە.
لەبەرئەوەی گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێم تەسلیم بە سیاسەتی مل پێ كەچكردن نەبوون و بە ئیرادەیەكی نیشتمانیی پۆڵایین و بڕیاری دروستەوە بەرەنگاری بوونەوە، بۆیە پیلانگێڕی دژی گەلی كوردستان بەوەندەوە نەوەستا بەڵكو شەڕێكی نەگریسی مەترسیداری كرا بە تووشەوە و دڕەندەترین رێكخراوی پڕ چەكی لە چەكەكانی سوپای شكستخواردووی عێراق، بە درێژایی سنوورەكەی كرا بە گژدا. هەروەها حكومەتی عێراق پشتی كردە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەبووی شەڕی مەزهەبی و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و گەلی كوردستانیش جگە لە شەڕی دلێرانە بەرامبەر تیرۆریستان دەبوا ئەو هەموو ئاوارەیەش بەخێو بكات و بپارێزێ. هەڵبەت لە قۆناغی داهاتووی ئەو شەڕەدا دەركەوت كە ئەم شەڕە تەنیا شەڕیكی خۆجێیی سنووردار نییە، بەڵكو شەڕێكی نێودەوڵەتییە كە چارەنووسی هەموو جیهانی ئازاد و پیشكەوتووی پێوە بەندە، ئیتر گەلی كوردستان بووە پارێزەری ژیان و ئاسایشی جیهان و داڕێژەرەوەی ناوچەكە و هەموو ستوونەكانی واقیعێكی نوێ لە شوێنی ئەو واقیعە دژوارەی زیاتر لە سەدەیەكە گەلانی ئەم ناوچەیەی كردۆتە قوربانی سیاسەتە شۆفێنییە دژی مرۆڤایەتییەكان.
ئێستا دوای تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی كوردستاندا و پاش كەڵەكەبوونی ئەزموونەكانی خۆمان لە جۆری پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد و حوكمڕانیی خۆماڵی و ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رۆلمان لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمایەتی و جیهانیدا، قۆناغێكی نوێی بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین پێگەیشتووە و پێویستە ئەم دەرفەتە بە وریاییەوە بقۆزینەوە و نەهێڵین بێ بەرهەم تێبپەڕێت. هەروەها لە ئەنجامی شەڕی دلێرانەی پێشمەرگەی كوردستان و تێكشكاندنی دەوڵەتی تیرۆر، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرچاوی رۆشن بۆتەوە بەرامبەر بە رەوایەتی دۆزی نیشتمانیی گەلی كوردستان و ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەی كە ئەم گەلە گەلێكی ئاشتیخوازی ژیاندۆستە و هەنگاوەكانی تەریبە بە هەنگاوەكانی جیهانی هاوچەرخ و پرینسیپ و دیدگاكانی مەدەنیانەیە و دەیەوێ دراوسێی باشی گەلانی ناوچەكە و دۆستی باشی وڵاتان بێ و رێز لە سەروەرییەكانیان بگرێ و چالاكترین رایەڵەی پەیوەندی و هاوبەرژەوەندی لەگەڵ هەموواندا راكێشێ، بۆیە پشتیوانی لە ئیرادەی ئازادانەی گەلەكەمان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی دەكەن.
كەواتە ئەم قۆناغە قۆناغی گەیشتنە بە ترۆپكی ئامانجەكانی راپەڕین كە سەربەخۆیی كوردستانە.
ژێردەستەیی هۆكاری هەرە بنەڕەتی هەموو زوڵم و ستەمێكە كە بەرامبەر گەلەكەمان كراوە، بۆیە گەیشتن بە لووتكەی ئامانجەكانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نیشتمانیمان، بەرجەستەكردنی ئیرادەی گەلی كوردستانە و تێگەیشتنی واقیعبینانەیە لە دۆخی دەوڵەتی عێراق كە نوخبەی سیاسی دەسەلاتدار هەرگیز نەیویست ببێتە دەوڵەتی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و شەراكەتی راستەقینە، بەڵام ئێمە دەتوانین لەرێی دانووستان و گفتوگۆی راشكاوانەوە لەگەڵ ئاواندا ببینە دوو دراوسێی باشی یەكتر.
گەلی ئێمە كە ئامادە بووە بۆ پێكەوەژیان هەموو شێوازەكانی رێكخستنی دەوڵەت لەگەڵ برا عەرەبەكانی تاقی بكاتەو و هەموو جارێكیش بە هەڵگەڕانەوەی دەسەڵاتداران لە گەلی كوردستان كۆتایی هاتووە، ئیتر شێوازێك نەماوە بۆ تاقیكردنەوە، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە كە پێكەوە بنەماكانی پێكەوە هەڵكردنی هاوبەرژەوەندی پەیڕەو بكەین وەكوو دوو دەوڵەتی دراوسێ یان هەر شێوازێكی دیكە كە گەلەكەمان لە ریفراندۆمدا بڕیاری لەسەر دەدات.
وڵاتانی ناوچەكەیش پێویستە رێز لەم بژاردەیە بگرن و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم گۆرانكارییە حەتمییە بكەن كە روودەدات و پێكەوە بەرژەوەندی هاوبەش دابڕێژین و دەرگا لەسەر ئایندەیەكی ئارام لە ناوچەكەدا بكەینەوە و دوور لە خۆسەپاندن و پیلانگێڕی و كیشەنانەوە، دەڤەرێكی نوێ بنیات بنێین كە مایەی سەقامگیری و ئاشتەوایی بێت بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهان.
لەم بۆنەیەشدا و لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان لە دیدگای ئێمەوە، لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای بەرنامەی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی كیشەكان بە رێكخستنەوەی دامەزراوەكان، باشترین رێگەچارە و بژاردەیە كە گەلەكەمان ساز و ئامادە دەكات بۆ پێشوازی لە سەربەخۆیی و كاركردن لە قۆناغێكی نوێی پێشكەوتووی خەباتیدا. هەر ئەم بژاردەیەش كوردستان دەپارێزێ لە پیلانگێڕیی ئیقلیمی كە نیازیەتی هەنگاوەكانی سەربەخۆییمان دوابخات و هەندێ گروپ و هێزی چەكدار و میلیشیایی مەزهەبی بەكاردەهێنن بۆ ئاژاوەنانەوە و دروستكردنی پشێوی كە دەرەنجام دەرگا لەسەر دەستێوەردانی هەمەچەشنە لە دژی گەلەكەمان دەكەنەوە.
گەلی كوردستان راپەڕیوە و قوربانی بەخشیوە و لە جیاتی خۆی و هەموو جیهان شەڕی داعشی سەربەرزانە بردۆتەوە و نەیهێشتووە بكرێتە بەشیك لە شەری مەزهەبی بێزراو لە عێراق و ناوچەكەدا، بۆیە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكاندا سەربەخۆیی مافی رەوایەتی. هەروەها خۆی خاوەنی نیشتمان و دەستكەوتەكانییەتی و حكومەتی هەرێم حكومەتی خۆیەتی و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەبێ رێز لە ئیرادەی ئەم گەلە بگیرێ، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی هیچ كەس و لایەنێك بە وەسی لەسەر خۆی قبووڵ ناكات و شێلگیرانەش هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێ و كۆسپەكان تێدەپەڕێنێ و سەركەوتنیش هەر بۆ ئەو دەبێ و ئەوانەیشی رۆژێك لە رۆژان بوونەتە تەگەرە لە رێیدا شەرمەزاری مێژوو دەبن وەكوو ئەوانی پیش خۆیان.
گەلی كوردستان لە یادی بیست و شەش ساڵەی راپەڕیندا دووپاتی دەكاتەوە كە گەلێكی ئاشتیخوازە و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە و جیهان رادەكێشێ و پابەندە بە گشت پرینسیپە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و هاوسێیەتی باش و دژی تیرۆر و رەگەزپەرستی و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەوانی تردا دەوەستێتەوە…
كوردستان نیشتمانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان بووە و هەروا دەمێنێ…
دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری ١٩٩١، لە شاری رانیەی دەروازەوە تا كەركوكی دڵی كوردستان….
سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێی رزگاری و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا بەخشی…
سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان..
شكۆدار بێ یادی راپەڕین…
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٤ی ئاداری ٢٠١٧