سەرەتای ساڵی داھاتوو شوققەكانی سۆران دابەش دەكرێن

 
لە ئیدارەی سۆران چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران تەواوکران و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دابەشدەکرێن، سەرپەرشتیاری سۆرانیش دەڵێت “داوادەکەین تەنیا بۆ فەرمانبەران نەبێت”.
هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رايگەیاند “پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا دەستی بە کارەکانی کردووەتە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت و بەسەر فەرمانبەرانی كەمدەرامەتدا دابەشبكرێت”.
هەڵگورد نەجیب دەڵێت “ئەم پرۆژە لەسەر رووبەرووی 25 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، لە 12 باڵەخانە پێکهاتووە، هەر باڵەخانەیەکیش لە 12 یەکە پێکهاتووە، کۆی گشتی 144 یەکەیە، لە 1-9-2021 دووبارە دەستی بە کارکردن کردووە، بڕیارە لە 1-12-2021 تەواو بکرێت و لە سەرەتای ساڵی 2022 دەست بە دابەشکردنی دەکەین”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی “تاوەکو ئێستا میکانیزمی دابەشکردنی یەکەکان دیاری نەکراوە، بەڵام چەند پێشنیازێکم ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کردووە و لەگەڵ وەزیریش گفتوگۆمان لەسەر کردووە کە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێت”.
یەکەم: داوا دەکەم ئەم یەکانە تەنها بۆ فەرمانبەران نەبن، بەڵکو بۆ کەمدەرامەتان بن لە هەر چینێک بێت، لەبەرئەوەی رێژەی خەڵکی کەمدەرامەت لە ئیدارەی سۆران بەرزە
دووەم: پێمانباشە خاوەندارێتی بۆ ئەم یەکانە نەبێت، بەشێوەیەک بێت هەر کەسێک وەریدەگرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر تیای بێت، بۆ ئەوەی کەسانی دیکەی کەمدەرامەت دواتر بتوانن سوودی لێببینن.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌، ئەم پرۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون دروستکراوە، مانگانە بڕە پارەیەکی رەمزی لەو کەسانە وەردەگرێتەوە کە بڕیارە پێیان بدرێت، پارەکەش بۆ سندووقی نێشتەجێبوون و پرۆژەکانی هاوشێوە دەبێت.
ئەم پڕۆژەیەی سۆران  لە ساڵی 2012 لەسەر بودجەی پەرەپێدان دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی لەماوەی دیاریکراوی خۆی تەواونەکرا.
Back to top button