ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بۆ موراد قه‌ره‌یلان: خەڵكی كوردستان دەزانن پارتی حزبێكی كوردستانییە و ”ئێوەش بەكرێگیراون“.
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی قسه‌كانی موراد قه‌ره‌یلان، سەركردەی باڵای سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەداته‌وه‌و ده‌لێت:” خەڵكی كوردستان دەزانن پارتی حزبێكی كوردستانییە و ”ئێوەش بەكرێگیراون“.
موراد قەرەیلان كە ئێستا خۆی بە فەرماندەی بڕیارگەی (ناوەندی پاراستنی گەل – نەپەگە) دەناسێنێت، لە نوێترین چاوپێكەوتنێیدا بە شێوەیەكی زۆر چەواشەكارانە باسی لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و هێرشی كردۆتە سەر.
لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسى لقى 16ى پارتى، ڕايگه‌یاند: ”كەس نییە ئەوە نەزانێت كە په‌كه‌كه لەوەتەی دروست بووە، ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی جێبه‌جێ ده‌كات، پاساوى هێرش و داگیركاری ده‌داته توركیا، هەر بەهۆی پەكەكەوە زیاتر لە سی ساڵە سەرووی پێنج سەد گوندی كوردستان نەتواندراوە دەستی ئاوەدانییان پێ بگات“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، ”په‌كه‌كه ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا خه‌ریكى بازرگانییە بە ماددەی هۆشبەر و منداڵان دەڕفێنن، له كاتێكدا هه‌زاران كیلۆمه‌تر له باكووری كوردستان و توركیا دووركەوتوونەتەوە و لەوێ هەڵاتوون و لێرە بوون بە بەڵا بەسەر خەڵكییەوە، ئەگەر ئەوان لە خەمی كوردستان بوونایە، تەنیا ساڵێك چه‌كداره‌كانیان دەبردەوە مه‌یدانى خه‌باتى ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان، بەڵام لە راستیدا ئەوان بۆ بەرژەوەندیی داگیركەر كار دەكەن“.
ئەو سەركردەیەی پارتی كه بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه پێیوایە، سیاسەتەكانی پەكەكە ئەوە دەردەخات كە ”ئه‌وان ڕێككه‌وتنى ژێربەژێریان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی داگیركەری كوردستان هه‌بێت، ئەویش بۆ ڕاكێشانیان بۆ نێو خاكى هه‌رێمى كوردستان، هیچ ڕژێمێكى دەوروبەر هێندەی په‌كه‌كه دژایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان و دۆزى كوردستانى نه‌كردووه، ئه‌وان ئه‌ركى دژایه‌تیكردنی هێزە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستانیان پێ سپێردراوه، ئەمە نه‌ك هەر له نێو هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵكوو له ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش هەمان كار دەكەن و هەمیشە دژایەتیی هێزە رەسەنەكان دەكەن“.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە پارتی لەسەر خاك و مەیدانی راستەقینەی خەباتی خۆیەتی كە هەرێمی كوردستانە، ”ئەوە پەكەكەیە هەموو عورف و ڕێسایەكی نێودەوڵەتی پێشێل كردووە و دەیەوێ لێی قەبوڵ بكرێ هەموو كوردستان رادەست بكات“.