وەزارەتی پێشمەرگە: مووچەی لیواکان دەکرێتە چەکی بانکی
وەزارەتی پێشمەرگەى ههرێمى كوردستان دهلێ، لیوای 1ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بە شێوازی چەکی بانکی وەرگرتووە و لەم مانگەشەوە ئەو لیوایە بە شێوەی چەکی بانکی مووچە وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە 21ی ئۆکتۆبەری 2021، عەمید توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی و بە ئامادەبوونی کۆلۆنێڵ پاوڵ ڤۆس، راوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا و تیمی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئەنجام گەیشتنی قۆناخێکی نوێی “پرۆژەی چاکسازی” راگەیاندراوە و “لەم مانگەوە لیوای 1ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بە شێوازی چەکی بانکی وەردەگرن، لە داهاتووشدا لیواکانی دیکەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەکی بانکی مووچەکانیان وەردەگرن”.
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازی و بە پاڵپشتیی راوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان پرۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە بەڕێوەدەبەن.
پرۆسەی بەچەک کردنی مووچە یەکێکە لە قۆناخەکانی ئەو پرۆژەیە، کە تاوەکو ئێستا، وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێکردووە، لە یەکە ئیدارییەکانی وەزارەتەکە جێبەجێ کراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێ ، “لەم قۆناخەدا، لیوای یەک داخڵی ئەم سیستەمە بووە و سەرجەم ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە لەڕووی رێکخستنی کارەکان و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ بانکەکان رێکخراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازی”.