فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر: لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەین

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، بڕیاری دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێڵی سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ى بكات، كه‌ شه‌وی ڕابردوو له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رێكی ناسراوی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ كاری كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌كارهێندراوه‌.

ئه‌مه‌یش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌ تێیدا ده‌ركه‌وتووه‌ ئۆتۆمبێڵێكی تابلۆ شینی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بۆ كاری تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی به‌كارهێندراوه‌، هاووڵاتییان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕه‌خنه‌یان له‌ خراپ به‌كارهێنانی موڵكی گشتیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی گرتووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ی تشرینی یه‌كه‌م، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل (هه‌ولێر) له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ ڕاى گشتى ڕای گه‌یاندووه‌، “ئاگاداری هاووڵاتییان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێڵه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسوكه‌وتێكی كه‌سی و به‌ بێ ئاگاداری ئیداره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ شوفێران له‌ پێناو ئه‌نجامدانی كاری كه‌سی به‌ ده‌ر له‌ یاسا و ڕێنماییه‌كان به‌كارهێنراوه‌.”

زیاتر هاتووه‌، “وەزارەتى گواستنەوه و گەیاندن و بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانە بە پێی یاسا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەن و ڕێکارە یاساییەکان دەگرنە بەر بەرانبەر ئەم هەڵسوکەوتە نەشیاوە و لە یاسا دەرچوونەی فەرمانبەری سەرپێچی کار”.

دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو كه‌سێكى گه‌نج كه‌ ناسراوه‌ له‌ تۆڕه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌وادارێكى زۆرى هه‌یه‌، به‌ناوى “حه‌مه‌ جه‌رگه‌” له‌ توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر هه‌وادارێكى زۆى كۆده‌بنه‌وه‌ و له‌ناویدا به‌ بێ ئاگاداری ئیداره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ شوفێران له‌ پێناو ئه‌نجامدانی كاری كه‌سی به‌ ده‌ر له‌ یاسا و ڕێنماییه‌كان ئۆتۆمبێڵى تایبه‌تى حكوومه‌تى به‌كار هێناوه‌، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایه‌تى هاووڵاتییانى به‌دواى خۆیدا هێنا.

 

Back to top button