فازڵ میرانی: پارتی دەستپێشخەرییەكی هەیە

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ” ده‌ستپێشخه‌رييه‌كى پارتيمان هه‌يه، سوپاسى هه‌موولايه‌كان ده‌كه‌ين، هه‌موويان پێشوازى چاكيان لێ كردو ده‌ست خۆشيان لێكردين، ده‌شلێت: دواى ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كان ته‌واو بوو، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌يه‌ك به‌ لايه‌نه‌سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان ده‌كات.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ، شەممە 23/10/2021، دوای سەردانی پێنج لایەنی پێکهاتەی تورکمانی لە هەولێر، له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا ڕایگەیاند: ”سەردانەکانمان باشە، پرۆژەمان پێ نییە، بەڵام دەستپێشخەرییەکی باشی پارتییە و لایەنەکانیش پێشوازییەکی باشیان لێ کردین، ئێمەش بیروڕاکانیان بەهەند وەردەگرین و ئەگەر پێکهاتەکانیش گلەییان هەبێت دەربارەی پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یان لەگەڵ پارتی، ئێمەش بە سینگێکی فراوانەوە تێبینییەکانیان وەردەگرین و دەیگەیەنین بە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی خۆمان”.

فازڵ میرانی،گوتیشی: دوای ئەوەی سەردانەکان تەواو بوو، کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە بەرنامەیەکی هاوبەش کۆبوونەوەیەک بە حزبەکان و پێکهاتەکان دەکات.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە دەستیان بە کارەکان کردووە و بەجددی چاودێریی دۆخی عێراق دەکەن و گوتی: ”زۆر پێویستە ئێمە و برادەرانی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین، ئەوانیش سەردانی حزبەکان دەکەن، ئەوە کارێکە دەبێ هەموومان پێکەوە جێبەجێی بکەین، ڕەنگە یەک لایەن بەتەنیا پێی نەکرێت، ئەگەر بشکرێت ڕەنگە ئەنجامە ڕاستەکانی بەدی نەیات”.

سەبارەت بە پەیوەندیی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، فازڵ میرانی ڕوونی کردەوە کە یەکێتی مافی خۆیەتی لە هەر لایەنێک نزیک بێت، یان پەیوەندیی لەگەڵی هەبێت، بەڵام پەیوەندیی ئێمە و یەکێتی جیاوازە لە پەیوەندیی هەرلایەکمان لەگەڵ حزبەکانی دیکە.

جەختیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ لایەنێک پێی نەگوتوون، لەگەڵ یەکڕێزی نیشتمانی نییە.

Back to top button