شاخەوان عەبدوڵڵا: پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە شایستەی خۆی دەزانێت

بەربژێرە سەرکەوتووەکەی پارتی لە بازنەی یەکی کەرکووک رایدەگەیێنێت، حیزبەکەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە شایستەی خۆی دەزانێت. ئاماژە بەوەش دەدات “ماددەی 140 زۆر لە کێشەکانی کەرکووک چارەسەر دەکات بە کێشەی کارگێڕیشەوە، بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە ئەمجارە بە جیددی لەگەڵ بەغدا کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.”
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری سەرکەوتوو، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک،  لەبارەی پرسی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و گرفتەکانی شارەکە بە گشتی رایگەیاند، “کەرکووک کۆمەڵێک گرفتی گەورەی هەن، گرفتی یاسایی و دەستووری، گرفتی ئەمنی، لەنێویشیاندا گرفتی ئیداری هەیە.”
شاخەوان عەبدوڵڵا تیشکی خستە سەر گرفتە ئەمنییەکانی شارەکە و باسی لە هەڕەشەی چۆڵکردنی چەند گوندێکی کوردی کرد،  گوتی، “پێنج گوند لە سنووری سەرگەڕان لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە بەهۆی هێرشی داعش و مەترسییەکانی داعش بۆسەر ئەو گوندانە، تاوەکو ئێستا هیچ هێزێک نەچووە بە هانایانەوە، ئێمە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە چاک بکەین.”
بە گوتەی بەربژێرە سەرکەوتووەکەی پارتی لە بازنەی یەکی کەرکووک “هەبوونی پارێزگارێکی باش، کەسێکی ئیداری باش دەتوانێت کۆمەڵێک لەو گرفتانە چارەسەر بکات، کە بەشێکی پێی دەڵێن دروستکراو، کە لەلایەن خودی پارێزگارەوە دروستکراوە، بۆ نموونە بابەتی بە عەرەبکردن و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی کورد، پارێزگارێکی کورد دەتوانێت ئەو کارە رابگرێت. گرفتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و هاوئاهەنگیان لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێم پارێزگارێکی باش دەتوانێت ئەو کارە بکات، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان تەنانەت تورکماننشینەکانیش کە لەسەردەمی راکان سەعید پشتگوێخراون، پارێزگارێکی باش دەتوانن ئەوانە بکات.”
لەسەر دانانی پارێزگارێکی کوردیش بۆ کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: “دوایین هەڵبژاردن ئەوەی دەرخست کە پۆستی پارێزگار ئیستحقاقی کوردە، لەسەر ئەوەش کە کێ پارێزگاربێت، هەر بەپێی ئیستحقاقی دوایین هەڵبژاردن بێت پارتی چاوی لەوەیە… لە کەرکووک پۆستی پارێزگار وەربگرێت.”
بەربژێرە سەرکەوتووەکەی پارتی لە کەرکووک، روونیدەکاتەوە، کە عەرەب لەو پارێزگایە “4 نوێنەری دەرچووە، بەڵام هەر یەکە و لە حیزبێکە، یەکێتی دوو کورسی هێناوە کورسییەکەی دیکە سەربەخۆیە و پارتیش دوو کورسی هێناوە و بەرەی تورکمانیش دوو کورسی هێناوە، نەوەی نوێ کورسییەک، لەنێو ئەو شەش کورسییەش پارتی زۆرینەی دەنگەکانی هێناوە.”
شاخەوان عەبدوڵڵا جەخت لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ پێکهاتەی کورد لە پارێزگاکە دەکاتەوە و دەشڵێت، “لەنێو کورددا لایەنە سیاسییەکان چۆن لەسەر پۆستی پارێزگار رێکدەکەون ئەمە شتێکی دیکە، بەڵام وەکو پارتی مافی خۆیەتی و ئەمجارە خەڵکی کەرکووک دەنگی بە پارتی داوە و چاوی لەوەیە پارتی سەرکردایەتی بکات بۆ ئەو قۆناخە و قۆناخەکانی داهاتوو.”
بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ “ماددەی 140 زۆر لە کێشەکانی کەرکووک چارەسەر دەکات بە کێشەی کارگێڕیشەوە، سەرکردایەتی سیاسی ئێمە ئەمجارە بە جیددی لەگەڵ بەغدا کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.”
Back to top button