پارێزگاری هەولێر: ماسک دەکرێتەوە ناچاری، بەڵام قەدەخەی سەرتاسەری راناگەیێندرێت
پارێزگاری هەولێر رايگەیاند، دووشەممە لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی دۆخی کۆرۆنا دەدات و دەشڵێت، ماسک دەکرێتە ناچاری، بەڵام قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری راناگەیێنرێت.
رۆژی شەممە 23-10-2021 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو گوتوويهتى، ئاماژەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا باش نین و رەوشەکە مەترسیدارە و مەترسی زیاتریش دەبێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، نامانەوێت رێوشوێنەکانی خۆپارێزگاریی کاریگەریی لەسەر کار و ژیانی خەڵکی هەبێت، بەڵام دەبێت هاونیشتمانییان پابەندی رێنوێنییەکان بێن و هەر بڕیارێکیش رۆژی دووشەممە بدرێت لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، “ئەوانەی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکان دەوام دەکەن دەبێت ڤاکسین وەربگرن و رەنگە بکرێتە ناچاری.”
ئومێد خۆشناو لەبارەی پرۆسەی خوێندن رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا بڕیاری ئەوە نەدراوە کە پرۆسەی خوێند بکرێتە ئۆنلاین یاخود بووەستێنرێت، بەڵام وەزارەتەکانی تەندروستیی و پەروەردە پلانی خۆیان دەبێت و رێوشوێنەکانیش بەدڵنیاییەوە وەک ئێستا نامێنێت “رەنگە بەشێک لە ماددەکان بە ئۆنلاین بخوێنرێت یان دەوام بکرێتە تەناوب، هەروەها رێکارەکان تووندتر دەکرێن، بەڵام خوێندن بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت.”
لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ کە ماوەیەکی زۆرە دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە دەڵێت ” داواکارییەکانیان رەوایە، بەڵام پێشتر حکومەت لە دۆخێکی خراپدا بووە و نەیتوانیوە مامۆستای نوێ دابمەزرێنێت، بەڵام ئەگەر بێتو بڕیاری دامەزراندن بدرێت چانسی ئەوان لە هەموویان زیاترە بۆ دامەزراندن. ئەو بابەتەش چەند جارێک چووەتە پەرلەمان.”
دەشڵێت “هیچ کاتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەو کارە لە ئەولەویاتی حکومەت دایە و بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت.”
سەبارەت بە نرخی بەنزین پارێزگاری هەولێر گوتی “دوو هۆکار هەن، یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوە، هەروەها لە لایەن حکومەتەوە رێگە لەوەگیراوە کە بەنزین هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەمەش لە بەرئەوەی کە باش نییە. هەروەها هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی دۆخی بەنزین بەردەوامن. بەپێی ئەو پلانەیشی هەیە رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.”
لەبارەی کرێی پاس لەنێو شاری هەولێر پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت “رێگەنادەین نرخی پاس گرانبکرێت، چونکە ئەوانەی هاتووچۆ دەکەن خەڵکی هەژارن و کرێکارن و هاووڵاتی ئاسایین. لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سەرقاڵی ئەوەین کە دوو بەنزینخانە بۆ خاوەن پاسەکان ئامادە بکرێت و نرخەکەی گونجاو بێت بۆ ئەوان.”
لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر نرخی غاز گرانبووە، ئومێد خۆشناو دەڵێت “بڕیاربوو مانگی ئادار کێڵگەی کۆرمۆر سیانەی خۆی بکات و رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی پێویستی غاز بگەیێنرێتە نێو هەولێر و تاوەکو ئێستاش نرخی غاز 8 هەزار و 500ـە. هەر کەسێکیش گرانتر بیفرۆشێت سزای دەدەین.”
دەشڵێت ” هاووڵاتییەک گوتی کە بریکارێک نرخی غاز گران دەفرۆشێت، بۆیە ئێمە قسەمان لەگەڵ کرد و بریکارەکەمان سزادا. بۆیە هەر بریکارێک پۆلیسێکی لەگەڵە و ناهێڵین ئەوە رووبدات کە غاز گرانبکرێت. هەر کەسێکیش لە بریکارەکان غاز گران بفرۆشێت سزای دەدەین.”