عەلی حەمەساڵح رەتی دەكاتەوە شاسوار عەبدولواحید بتوانێت نرخی بەنزین دابەزێنێت
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، رەتی دەكاتەوە شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بتوانێت لە ڕێی هاوردەكردنی چەند ملیۆن لیترێك، نرخی بەنزین لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دابەزێنێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بلاوی كردەوە، هەرچەندە ئەو پشتیوانی لە قسەكانی شاسوار عەبدولواحید كردووە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوردەكردنی (١٠) ملیۆن لیتر بەنزین بدەن گوایە شاسوار بە نیازە نرخی لیترێك بەنزین بۆ (٤٧٥) دینار دابەزێنێت، بەڵام نەیشاردۆتەوە كە “من ئەزموونی هەشت ساڵم لە لێژنەی سامانە سرووشتییەکان ھەیە، کاری وا زۆر زۆر ئەستەمە”.
ڕوونیشی كردۆتەوە كە ئێستا تەنێک بەنزین لە بازاڕی جیھانیدا (٨٠٠) دۆلارە، ئەمە جگە لە گومرگ و گواستەوە و قازانجی بازرگان، “واتە لیترێک بەنزین نزیکەی ٩٠٠ دینار. تێکەڵی پترۆ کیمیاوی دەکەن بۆ ھەرزانبوونی نرخەكەی”.
ئەو پەرلەمانتارە باسیشی لەوە كردووە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەكردنی بەنزینی راگرتووە.
هاوكات ئاشكرای كردووە كە ڕۆژانە سلێمانی پێویستی بە دوو ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەگەر ئەو بەنزینە لە ئێران بكڕدرێ و “بە ٥٠٠ دینار بفرۆشرێتەوە، نزیکەی ٦٧ دەفتەر (٦٧٠ هەزار دۆلار) زەرەر دەكات”.
بۆیە نەیشاردۆتەوە كە ئەو رێگەیەی شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی بۆ دەكات، “هاوردەكردنی بەنزین لە دەرەوە، چارەسەر نییە”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە زۆربەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید و چارەسەرەكانی ئاشنا بوون كە لە كاتی هەموو كێشەیەكدا وا نیشان دەدات گوایە چارەسەری دۆخەكە دەكات، كەچی دواتر خەڵكی دەبینن كە تەنیا موزایەدەیە و بۆ بەردەم كەناڵەكانی خۆیەتی.
پێشتریش كاتێك شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە گوایە بەنزینی دابەزاندووە و لە بەنزینخانەیەكی خۆیەوە بە ٥٠٠ دینار دەیفرۆشێت، شۆفێران بەنزینەكەیان نەبینی و هەر شۆفێرەی بە پاساوێك بەنزینی پێ نەدرا.