شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی: شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە

شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی پێشبینی ده‌كات بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە .

ئاراس جه‌بار،شاره‌زای بواری كه‌شناسی له‌ په‌ڕه‌ی فه‌رمی خۆیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌  بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 26/10/2021 ناوچە شاخاویەکانی باکور و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێم دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی باران و بەفر لە سەرچاوەی( دەریای رەش ) و لەگەڵ ھاتنی بارستە ھەوایەکی زۆر سارد ئەبێتە ھۆی رەخساندنی شەپۆلێکی مامناوەند بۆ لاوازی بارانبارین لە ناوچە شاخاویەکان و بەتایبەت ناوچە سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک تا ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش لەو ناوچانەدا بەرێژەی 5 تا 7 پلە نزمدەبنەوە و ھۆکار بۆ بارینی بەفر بە رێژەی کەم و جیاجیا لە لوتکەی شاخەکاندا بەتایبەت لەبەرزی زیاتر لە 2500م لە ئاستی ڕووی دەریا .

هه‌روه‌ها ئاراس جه‌بار روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌  کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بەدەر لە ناوچە شاخاویەکانی ئەو سێ سنورە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە کاریگەری نابێت یان زۆر لاواز ئەبێت لەسەر ناوچە نزمەکان وەک سەنتەری پارێزگاکان و ناوچەکانی دیکەی ھەرێم ھەم لەرووی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بارانبارینەوە وە لەم شەپۆلەدا بەتایبەت لە کوردستانی توركیاو  باکووری رۆژئاوای وڵاتی ئێران پێشبینی بارینی بارانێکی زۆر و ھاوکات بەفر بارینی چر دەکرێت لە شاخەکاندا و لەبەر ئەوەی راستەوخۆ چەقی نزمەپاڵەپەستۆکە و بارستە ھەوا ساردەکە لەم ناوچانەدا قوڵدەبێتەوە کاریگەریە لاوەکیەکانی لەسەر باکوور و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێمیش درێژدەبێتەوە ، ماوەی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیەش کورت خایان ئەبێت لەکاتەکانی شەودا کۆتای پێدێت و رۆژی چوارشەمە 27/10/2021 کەش ئاسایی ئەبێتەوە.

Back to top button