كونسوڵی ئوردن: بە پەرۆشم بۆ كاركردن لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/10/25 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز فوئاد ئەلمەجالى، کونسولى گشتیى تازەى شانشینى ئوردنیى هاشمى لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزباییى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى دەربڕى، هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلاى دووەم شاى ئوردن لە کاتە سەختەکاندا، دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە کونسولى گشتى ئوردن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، دووپاتى کردەوە کە بە پەرۆشییەوە بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان دەڕوانێت.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاریى هاوبەشیان زیاترە کە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان، عیراق و ئوردن دەبێت.
هەڵبژاردنەکانى عیراق، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکوومەتى داهاتووى فیدراڵ، پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسینى دژە پەتاکە، کار و چالاکیى ڕەوەندى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و پرسى سەقامگیرى لە ئوردن و عیراق و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.