عەلی حەمەساڵح نهێنیەکی مەترسیداری شاسوار عەبدولواحید ئاشکرا دەکات

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەو ماددانەی كە شاسوار عەبدولواحید بە ناوی حزبەكەیەوە داوا دەكات ڕێگەی هاوردەكردنیان پێ بدرێت، ”مەترسیدارن“ و مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكەن.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا، باسی نووسراوانە كرد كە شاسوار عەبدولواحید بۆ خۆ دزینەوە لە بەڵێنەكەی لەبارەی دابەزاندنی نرخی بەنزین، ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی كردبوو، ئاشكرای كرد: ئەوەی داوا کراوە رێگە بدرێت بە هەموو کۆمپانیایەک بەبێ باج دوو مەوادی مەترسیدار هاوردە بکەن كە (ریفۆرمێنت و MTB)یە كە خۆی راستییەكەی (MTBE) راستە، ئەم دوو مەوادە مەترسیدارن و مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكەن، هەروەها دەبنە هۆی گێژبوون و نەخۆشییەکانی جگەر، گورچیلە، کەمکردنەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن و تەنانەت ئاوی ژیرزەویش پیس دەکەن. چۆن دەکرێت بۆ هەرزانکردنی بەنزین ئەم مەوادانە بێت و خەڵک تووشی نەخۆشی ببێت؟.

گوتیشی، ئەم مەوادە ئەگەر بەکاریش بێت، کە دیارە دەبێ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لەگەڵ بەنزینی نۆرماڵ تێکەڵ بکرێت بۆ ئەوەی ئۆکتانەکەی بەرز بکرێتەوە، لەم حاڵەتەشدا ”دڵنیابن هەر گران دەبێت و نرخی لیترێك بەنزین هەر دەتواندرێ بە ٨٥٠ دینار بفرۆشرێت.

ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەگەر لە ئینتەرنێتدا بۆ نرخی تۆنێک بەنزین بە ئۆکتانی ٩٢ بگەڕێیت، دەبینی لە دوبەی و شوێنانی دیکە بە ٨٠٠ دۆلار بووە کە تۆنێک نزیکەی هەزار و ٣٥٠ لیترە و ئەگەر هاوردە بکرێت تا دەگاتە سلێمانی بەبێ هیچ گومرگێک، نزیکەی ٩٢٥ دینار دەکەوێت. ئەوەی کە لە ٩٠٠ دینار کەمتری دەکەنەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ”لەگەڵ مەوادی پترۆکیمیایی مەترسیداری دیکەدا تێکەڵی دەکەن

سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان فرۆشتنی لیترێک بەنزین بە ٤٧٥ دینار لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا بە مەحاڵ دەزانێت و دەڵێت نرخی بەنزین لە هەموو دنیادا دیارە و تەنیا لە یەک حاڵەتدا ئەو کارە دەکرێت کە ”بە گران بیکڕێت و بە هەرزان بیفرۆشێتەوە’.

عەلی حەمەساڵح ئەوەیشی ڕوون کردەوە بۆ مۆڵەت دەبێ کۆمپانیاکە بە ناوی خۆیەوە و بە نووسراو داوا بکات کە ئامادەیە بەپێی ستانداردی ڕێگەپێدراو، واتە مەوادی خراپ و پترۆکیمیایی مەترسیداری تێکەڵ نەبێت و ئۆکتان و وردەكارییەكانی دیار بێت، بڕی چەند ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە بکات. ”ئەگەر داوایەکی وا هەبێت، خۆم دەیبەم و ئەگەر مۆڵەتی پێ نەدرا، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لێ دەکەین.

گوتیشی ئەگەر بڵێین گومرک نەدرێت، گومرکی تۆنێک بەنزین ٣٢ دۆلارە، واتە نزیکەی ٣٠ دینار دەچێتە سەر هەر لیترێک، لەو حاڵەتەدا ئەو ٣٠ دینارەشی بخەرە سەر و بە ٤٧٥ نا و دوو جار ٣٠ دیناریشی بخەرە سەر و بە ٥٥٠ دینار بیفرۆشە، یان بە ٦٠٠ و بە ٧٠٠ دینار، بەڵام ”دڵنیابن ناکرێت.

Back to top button