لێژنه‌ی باڵای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كۆڕۆنا چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25 ى 10 ى 2021 ، كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كۆڕۆنا به‌رێوه‌چوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش چه‌ندین بریاری نوێ ده‌ركرا و بەپێی بڕیارەکانیش دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسین وەربگرن.

د.جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ليژنه‌ى باڵاى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا رایگه‌یاند: خوێندن له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێت، گوتیشی به‌ستنی ماسك له‌ته‌واوی دام و ده‌زگاكاندا ده‌بێته‌ ناچاری.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرزبووەتەوە و بریار و راسپارده‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش سه‌رجه‌میان په‌سه‌ند كراون.

د.جووتيار عادل راشیگه‌یاند ، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی باڵای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی كۆڕۆنا ئه‌م بڕیارانه‌ ده‌ركراون:

1-  بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان، دەبێتە ناچاری.
2- ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
3-  ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت.
4- مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، هه‌روه‌ها ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 1-12-2021 ڤاکسینیان وەربگرێت.
5- پرسەدانان بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
6- پێویستە مامۆستایانی ئایینی ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و رێنمایی تەندروستی.
7- دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 31-10-2021 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
8-  لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان کارتی ڤاکسین یان پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت.
9-  پێویستە پۆلیسی ھاتووچۆ رێکارەکانی تایبەت بە شۆفێر و سەرنشینەکان جێبەجێ بکەن.

 

Back to top button