ئەڵمانیا لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەكۆبوونهوهیهكدا لهگهڵ مارتین یێگەر، باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عیراق دووپاتی کردەوە کە هاوکاری و پشتگیریی سەربازی، مرۆیی و سیاسیی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامیی پشتگیریی ئەڵمانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە مایەی خۆشحاڵی و گرنگ و پێویست زانی.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/10/26 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتین یێگەر، باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەنجامەکانی و خوێندنەوە و پێشنبینییەکان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵات، برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی عیراق بەگشتی، تاوتوێ کران.
باڵیۆزی ئەڵمانیا دڵنیایی دا و دووپاتی کردەوە کە دوای هەڵبژاردن و بە هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەت و مامەڵەی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان وەک خۆی درێژە دەکێشێت و وڵاتەکەی لە پشتگیریی عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە کار دەکەن و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەمبارەیەوە بە گرنگ لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵیۆزی ئەڵمانیا، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەڵمانیا دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە هاوکاری و پشتگیریی سەربازی، مرۆیی و سیاسیی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامیی پشتگیریی ئەڵمانیای بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە مایەی خۆشحاڵی و گرنگ و پێویست زانی.
پێشهاتەکانی ئەفغانستان، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە کونسولی گشتیی ئەڵمانیا تیایدا ئامادە بوو.