باڵوێزی ئەمریکا: ئەرکى لایەنە عێراقییەکانە وەڵامى داواکاریی خەڵکى خۆیان بدەنەوە

ماتیۆ تیلەر باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق کرد رايگه‌ياند: ئەرکى لایەنە عێراقییەکانە وەڵامى داواکاریی خەڵکى خۆیان بدەنەوە.

باڵوێزی ئەمریکا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/10/2021 لەمیانەی دیدارى مێرى له‌ هەولێر گوتی: “ئێستا لە ئیدارەى بایدن هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە تاکوو عێراق بتوانێ خۆی بڕیار بدات، ئەو پەیوەندییەى کە هەشمانە ئەوە تێڕوانینەیە  بۆ داهاتوو، بۆیە ئەمریکا بۆ ماوەیەکى درێژ پابەندى هاوکارییەکانى دەبێ بۆ عێراق، چونکە ئەمریکا دەیەوێ هەم ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەم عێراق سەقامگیر بێت”.

ماتیۆ تیلەر زياتر گوتى: “لەسەر بنەماى ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە ساڵى 2008 لە نێوانمان واژۆ کراوە و لەو ڕۆژەوە دەیان جۆر هاوکاریى عێراق کراوە، هەر لە هاوکاریى تەندروستى و ژینگەییەوە تا دەگاتە هاوکارییە خۆراکى و ئاسایشییەکان”.

باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق گوتیشى: “ئێستا هەڵبژاردنەکان تەواو بوون و عێراقییەکان دەنگیان دا و نوێنەرەکانى خۆیان ناردە ئەنجوومەنى نوێنەران، ئێستا ئەرکى لایەنە عێراقییەکانە وەڵامى داواکاریی خەڵکى خۆیان بدەنەوە”.

 

Back to top button