نێچيرڤان بارزانى: دەمانەوێ دەستور لە عێراق جێبەجێبکرێ
ئهمڕۆ سێشهممه 26/10/2021، دیدارى مێرى به دروشمى (عێراقێكى سهقامگیر بۆ ههرێمێكى سهقامگیر) له ههولێر دهستى پێكرد، له دیدارهكهدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بهشدار بوو و گوتی: “خەڵکى عێراق شایستەى ئەوەیە ژیانێکى باشتریان هەبێ، بۆیە هیوادارین کە ئەم بەشداری خەڵکە لە پرۆسەى سیاسی بۆ ئەوە بێ خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونێنین”. دهشلێت: دەمانەوێ دەستور لە عێراق جێبەجێبکرێ.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان باسی لە پرۆسەى هەڵبژاردن کرد و رایگەیاند: “ئەم هەڵبژاردنە باشترین جۆری بووە لە ڕووى تەکنیکییەوە، لەگەڵ ئەوەى کە گلەییش هەیە، بەڵام لە سەرەتاوە تا ئێستا باشترین پرۆسە بووە”.
نێچيرڤان بارزانى، گوتیشی: “لەبارەى ئەوەی کە پرۆسەکە کێشەى هەیە ئەوە وەک دیموکراسی و دیاری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکى بەردەوامە، ئەوانەى کە ئەمڕۆ لە لوتکەى دیموکراسیدایە بە قۆناغى زیاتر تێپەڕێون، لە عیراقیش هێشتا لە قۆناغى گوزەردایە، ئەگەر خەڵک ئەوە ببینن کە عیراق لەسەر ڕێگایەکى دروست دەڕوات ئەوە گرنگى خۆی هەیە، پرۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردنیش ئەوە بەشێکە لە پرۆسە دیموکراسییە، دەبێ ئێمە خۆشبین بین کە عیراق لەسەر ڕێچکەیەکى ڕاستە”.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان باسی لەوەشکرد: “پەیامى خەڵکى و بەشداریی نەکردنیان لە پرسەى دەنگدان پەیامیان بووە کە ئەوان لە سیستمى حوکمڕانى عێراق رازی نین، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخى سیاسی لە عیراق لە ٢٠٠٣وە تاوەکو ئێستا هەر لە قۆناغى گواستنەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵکى عیراق خەڵکێکى هۆشیارە و بۆ داواکارییەکانیان زۆر جدین، ئەوان دەیانەوێ گۆڕانکارى بکرێت و تا ئێستا بڕوایان وایە کە پرۆسەى دیموکراسی دەتوانێ گۆڕانکارى بکات، ئەگەر گۆڕأنکارى نەبێت ئەوە مەترسیدارە و ئەوەش دەبێتە هۆی پەرچە کردارى خەڵکى. لە عیراقدا هێشتا بابەتى هاوڵاتیبوون لەبەرچاو ناگیرێ بەڵکو بەرژەوەندى تاک و حزبەکانە، گرنگى بە خەڵکى نادرێ. ئەو ئەمانەتەى کە لەسەر شانى ئێمەیە دەبێ جێبەجێ بکرێت، ئێستاش عیراقییەکان لە کەمترین خزمەتگوزارى کێشەیان هەیە، ئەوانەى لە ٢٠٠٣ لە دایک بوونە ئێستا مافى دەنگدانیان هەیە، ئەوان سیستمى پێشتریان نەدیوە، بۆیە مافى هەموو خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیان هەیە”.
نێچیرڤان بارزانى، لەبارەى پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم و ڕۆڵى لە کۆدەنگى کوردستانى رايگهياند: “لە ڕووى یاساییەوە دەبێ ئەو ڕۆڵە ببینێ و چەترى کۆکردنەوەى هەموو هێزە سیاسییەکانى بەغدا بێ، ئەوەى پێمان بکرێ لە سەرۆکایەتى هەرێم هەوڵ دەدەین ئەو چەترەبین بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکان و یەک دەنگ بین لە عیراق، ئێمە دەمانەوێ دەستورى عیراق جێبەجێ بکرێت، لە ساڵى ٢٠٠٣ ئێمە وەک کورد بەشدارى پرۆسەى ئازادکردنى عێڕاقمان کرد، وە بۆ ئەوەى عێراق هەڵسێتەوە سەرپێ هەموو هاوکارییەکمان پێشکەشکردووە، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە دواى ١٨ ساڵ لە دەستوورى عیراق و متمانە پێدانى %٨٠ى عیراقییەکان، تا ئێستا جێبەجێکراوە؟ دەڵێین نەخێر جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ئێستا ئەگەر پێناسەى عیراق بکەین دەڵێین: سوننە لە داهاتووى خۆی هەیە، شیعەکانى عیراق باس لە ڕابردووى خۆیان دەکەن بۆیە داواى داهاتوو دەکەن، کوردیش لە ڕابردوو قوربانى داوە و لە داهاتووى خۆی لە عێراق دەپرسێت.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: “کوردستانیان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە دەبێ یەکە دەنگ بین ئەوەش مەرجى سەرکەوتنمانە، وە کێشەى خۆى لەناو خۆیدا چارەسەر بکات، ئێمە بۆچوونى جیاواز و کێشەمان هەیە، بەڵام دەبێ بەیەک دەنگ بچینە بەغدا، قسەى ئێمە جیاوازترە لە پۆستەکان بەڵکو کۆمەڵێک داواکاریمان هەبووە، لە دەستوریشدا بۆمان دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچمان نەبینیوە، پرسیارێکیش ئەوەیە ئەرێ تا ئێستا بەغدا گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەى دەبێ دەستور جێبەجێ بکرێت. چونکە عیراق فیدڕاڵی نییە، چونکە حکومەتى عیراق ئێجگار ناوەندى (مەرکەز)یە، بۆنموونە لەبارەى هاتن و نەهاتنى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان، دەبێ حکوومەتى عیراق لەسەر بنەماى هاوبەشی بێ و ستراتیژییەتى عیراق دابڕێژرێتەوە، بەشدارى ئێمە ئێمەش وەک کوردستان لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوە بووە هاوکاری هەموو عیراق بکرێت”.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى کێشەکانى نەوت و بودجە گوتى: “ئەو کێشانەى هەیە دەبێ چارەسەر بکرێ ئەوەش وەک مافى خۆمان دەبێ چارەسەر بکرێ، ئیتر دەبێ ئەو کێشانە یەکلایی ببنەوە، بۆنموونە بابەتى بانکدارى، دەبێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ و پێویستە عیراق کەرتى بانکى دروست بکات، عیراق تاوەکو ئێستا کەرتى دارایی و ئابوورى نییە، پرۆسەى دارایی عیراق بریتییە لەوەى کە ڕۆژانە عیراق نەوت دەفرۆشێ و دەیکاتە خەرجى و تەواو، ئێمە بە جدى هەوڵمان داوە، بۆ ئەوەى ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ. یاساى وەبەرهێنانى عیراقى ئێجگار گرفتى بۆ وەبەرهێنەران دروستکردووە و پێدانى ڤیزەش بە بیانییەکان، گرفتێکە عیراق نایەوێ چارەسەر بکرێ”.
هەروەها نێچیرڤان بارزانى لەبارەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى ناوچەکە و جیهانیش گوتى: “ئەمە بەپێی یاسا ڕێکخراوە کە سەرۆکى هەرێم دەبێ نوێنەرایەتى هەرێم بکات لە دەرەوەش، لەلایەکى دیکەوە ئەو سەردانانەى ئێمە دەیکەین پەیامى دۆستایەتى و بەیەکەوە کارکردنە، پێمان گوتوون کە ئێمە بەشێکین لە چارەسەرى گرفتەکانى عیراق نەک کێشە بۆ عیراق، نابینە لایەنگری هیچ لایەنێک دژى هیچ لایەکى تر، وە هەوڵمانداوە ببینە کاراکتەرى خێر بۆ هەموو لایەنەکان. لەگەڵ هەریەک لە وڵاتە دراوسێکان سنوورى دوورو درێژمان هەیە و بارستایی ئابووریمان لەگەڵیان هەیە بۆنموونە قەبارەى مامەڵەى داراییمان ١١ ملیار دۆلارە لەگەڵ ئێران، کە %٧٠ى هەموو کەرەستە هاوردەکانى عیراق لە ئێرانەوە بە خاکى کوردستاندا دێ. ئەوە گرفتى کوردستانییە، بەڵکو ئەوە لە عیراقدایە کە هەندێک هێز لە دەرەوەى یاسا دێن شەڕ بە دراوسێکانى ئێمە و عیراق دەفرشن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن، پێویستە سەرۆک وەزیران ڕۆڵ ببینێ بۆ ئەوەى ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێ، ئەگەر درۆن یان موشەک بۆ هەرێمى کوردستان یان هەولێر دەنێرن، جگە لە کێشە هیچ شتێکى دیکەى لێ شین نابێ”.
سەبارەت بە هێرشەکانى تورکیاش بۆسەر هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند: “دەبێ بەرلەوەى باس لەو هێرشانە بکەین، بپرسین بۆچی تورکیا وادەکات، چونکە ئەوە بنەمایە کە نابێ عیراق و کوردستان ببنە مایەى پشێوى بۆ دراوسێکانى، ئەوەش ڕوونە کە ئەوە پەکەکەیە ئەو گرفتەى دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەى کە پەکەکە ڕیز لە دامەزراوەکانى حکومەتى هەڕیمى کوردستان و بڕیارەکانى پەرلەمانى کوردستان و هەرێمى کوردستان ناگرێ، لەکاتێکدا پەکەکە ناتوانێ لەناو تورکیا تواناى هیچ چالاکییەکى سەربازى نییە، بۆیە دەبێ ڕیز لەسەروەرى خاکى عیراق و کوردستان بگرن، ئەوە گلەییە لە حکومەتى عیراقیشە، بۆنموونە بۆچی ڕێککەوتنى سێ لایەنەى کوردستان و عیراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى شنگال جێبەجێ نەکراوە، لەکاتێکدا دەبوایە حکومەتى عیراق هێزەکانى بۆ شنگال بنێری، کەچی عیراق پارە دەداتە ئەو هێزانەى بوونەتە گرفت بۆ خەڵکى شنگال و ڕێگرن لە پرسی ئاوەدانى ناوچەکە”.
ئەوەشی خستە روو: “بوونى هێزەکانى بیانى لە عیراق بەهۆی ئەوەیە کە عیراق ناتوانێ بەرگری لەخۆی بکات، بۆچوونى ئێمە ئەوەیە بوونى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هاوکارى عیراق گرنگە و پێویستە، بەڵام ئەگەر لە بەغدا بڕیارێک دەربچێ ئەوا هەرێمى کوردستان پابەندى ئەو بڕیارە دەبێ، هەرێمى کوردستان چ ئەرکێکى لە ئەستۆیە بۆئەو بابەتە، ئێمە لە ٢٠٠٣ هاوکاری ڕووخانى حکومەتى عیراقمان کرد، ئینجا هاوکارى دروستکردنەوەى عیراقمان کرد بە هەموو کەموکوڕییەکانى، دواتر کە داعش هێرش دەکاتە سەر عیراق ئەوا ئەمریکا پابەندییەکانى لەگەڵ عیراق جێبەجێ دەکات، ئێستا هەرکە باس لە عیراق و ئەمریکا دەکرێت، باسی لایەنە سەربازى دەکرێت، چونکە هەر ئەو باسە نییە، چونکە لە ڕێککەوتنى نێوان دوو لایەندا هەر سەربازى نییە بەڵام نازانین بۆچی عیراق سوود لەو دەرفەتانە وەرناگرێت، ئەویش لە ڕووە کلتوورى و پەروەردەیی و پیشەسازى و کشتوکاڵى و ئاوەدانکردنەوە و چەندان سێکتەرى دیکە. بۆیە دەبێ بە گرنگییە بڕوانینە ڕێککەوتننامەى عیراق و ئەمریکا و ببێتە هۆی سود وەرگرتنى عیراق لەو ڕێککەوتنە، لەگەڵ ئەوەى کە عیراق و ئەفغانستان دوو وڵاتى جیاوازن، بەڵام ماناى ئەوەنییە کە ئەمریکا تا هەتایە لێرە دەمێنێتەوە، دەبێ عیراق ببێتە دەوڵەتێکى دامەزراوەیی، بۆیە ئێستا کەس ئامادەنییە حوکمڕانى جدى لە عیراق بکرێت، هەروەک کەسی یەکەمى حزبە عیراقییەکان لەدەرەوەى کابینەکانى حکومەتى عیراقە بۆیە کابینەکانى حکومەت ئێجگار لاوازن، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە لە عیراق ژێرخان دروست بکرێت”.
لەبارەى کوردستانیشەوە سەرۆکى هەرێم رایگەیاند: “لە کوردستان لە سەرەتاى نەوەدەکان سەرەتا خۆبژێوى بووە، لەکاتێکدا شتێکمان نەبوە بەناوى کەرتى تایبەت، لە دواى ساڵى ٢٠٠٤وە پرۆسەى ئاوەدانى کوردستان دەستى پێکردووە، ئێستاش لەگەڵ ئەوەى کە کەموکورتیمان هەیە، بەڵام پرۆسەکانى دیموکراسی و ئاوەدانى و گەشەپێدان بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەسەڵات خۆمان نەسەپاندووە، بەڵکو بە پرۆسەیەکى دیموکراسی دەسەڵاتمان وەرگرتووە، ئەگەر لە ٢٠٠٤ راپرسی بکرابوایە خەڵکى داواى ئەمنیەتیان دەکر، بەڵام ئێستا داواکارییەکان بۆ خزمەتگوزارییە، چونکە حکومەتى هەرێم دەسەڵاتى لە خەڵکى کوردستان وەرگرتووە، ئێمە دەزانین لەسەر ڕێگایەکى ڕاستین و بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێین لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە کەموکورتییەکان چارەسەر بکەین، خەڵکى دەسەلاتى پێداوین و خەڵکیش دەتوانن لە رێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە متمانەمان لێوەربگرنەوە، لەگەڵ ئەوەى کە ئەم پرۆسەیە خۆمان دامان هێناوە، بەو بەلگەیەى کە دواى ڕاپەرێن جەنابی سەرۆک بارزانى لە کۆیە داواى سیستمى دیموکراسی و دەنگدان و هەڵبژاردنى بۆ سیستمى حوکمڕانى کوردستان کرد. ێستاش سەربارى هەموو کەموکوڕییەکان، بەڵام لە زۆر بوواریشدا پێشکەوتنمان بەدەست هێناوە”.