بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ رێنمایی دارایی ده‌رچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/10/2021، بەئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری، رێنمایی دارایی بۆ کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و چارەسەکردنی کێشەکانیان دەرچوو.

رێنماییە داراییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بە ژمارە (14) دەرچووە، ئاراستەی گشت وەزارەتەکان و دەستە نەبەستراوه‌كان بە وەزارەت کراوە و تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران و کۆنووسی کۆبونەوەی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە لە 19/10/2021، شەش رێنمایی بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچووە، کە تایبەتە بە دیاریکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوند و شارەدێ و سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان به‌ لەبەرچاوگرتنی بڕوانامەكانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم رێنماییە داراییە لە 1/9/2021ـەوە جێبەجیدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری لەهەوڵی بەردەوامدا بو بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانى وانەبێژ، بۆ ئەو مەبەستەش، 17/10/2021 لە دیوانى وەزارەتى دارایى و ئابووری، وەزیرى دارایى و ئابوورى بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ، لەگەڵ هەریەك لە وەزیری پەروەردە و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کۆبووه‌وە.

 

 

Back to top button